کریستیانۆ لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یۆڤی یەکەم نازناوی لەدەست دا

یۆڤی چوار وەرز بوو لەسەریه‌ك به‌بێ كریستیانۆ ئەم خەڵاتەی ده‌برده‌وه‌

یۆڤێنتۆس لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە له‌ جامی ئیتاڵیا دۆڕا و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەسەر دەستی ئاتڵانتا ماڵئاوایی لە جامی ئیتاڵیا کرد و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یۆڤی یەکەم نازناوی له‌ده‌ست دا، لە کاتێکدا چوار وەرز بوو لەسەر یۆڤی ئەم خەڵاتەی بەدەستهێنا.

لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی ئیتاڵیا، یۆڤێنتۆسی هەڵگری دوایین چوار نازناو و زۆرترین نازناوی جامەکە لە یاریگەی ئازۆری دی ئیتاڵیا بووە میوانی ئاتڵانتا.

گەرچی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێیه‌كانی هاتبوون بلیتێکی قۆناخی پێش کۆتایی جامی ئیتاڵیا ببڕن، بەڵام لە سەرەتای یارییەکەوە رووبەڕووی ململانێیەکی سەختی ئاتڵانتا بوونەوە.

لە خولەکی ٣٧ی یارییەکە تیمۆتی کاستانی بە گۆڵێک گڕی لە یاریگە بەردا و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئاتلانتا کرد و زەنگێکی مەترسیداری بۆ یۆڤێنتۆس لێدا.

دۆڤان زاپاتا نەیهێشت لە دوو خولەک زیاتر بەسەر یارییەکەدا تێبپەڕێت و دووەم گۆڵی ئاتڵانتای کرد و بە یەکجاریی خانمەپیرەکەی شۆک کرد و ماسیمیلیانۆ ئەلێگریش لە کاردانەوەی ئەم گۆڵە و رەخنەکانی لە ناوبژیوانی یارییەکە لە یاریگە کرایە دەرەوە.

لە نیوەی دووەم هاتنە ناوەوەی دۆگلاس کۆستا، ئەلێگری ویستی بە گۆڕانکارییەکانی ئەنجامی یارییەکە راست بکاتەوە، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێیه‌کانی رووبەڕووی بەرگرییەکی سەختی بەرگریکارانی ئاتلانتا بوونەوە.

لە دوایین خولەکەکانی یارییەکە دۆڤان زاپاتا بە گۆڵێکی کوشندە بەیەکجاریی بیانکۆنێری بێهواکرد و ئاتڵانتا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە قۆناخی پێش کۆتایی جامی ئیتاڵیا، کریستیانۆش لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یۆڤی یەکەم نازناوی لەدەست دا، لەکاتێکدا چوار ساڵ بوو لەسەر یەک یوڤێنتۆس ئەم نازناوەی بەدەستهێنا.