سەرمایەکی کەم وێنە روویکردووەتە ئەمەریکا
چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە
K24 – ههولێر:
بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، چەند ویلایەتێکی ئەمەریکا بە رۆژانێکی زۆر ساردا تێپەڕ دەبن.
سەرماکە بەجۆرێکە، کچێک کاتێک دەچێتە دەرەوەی دەرگای ماڵەکەی راستەوخۆ قژی دەیبەستێت.
سارماکە باکووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لەماوەی یەک هەفتەدا، دوو هەزار و 600 گەشتی ئەسمانی هەڵوەشێندراونەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، لە هەندێک ناوچە پلەی گەرما بۆ 46 پلە خوار سفر دابەزیوە و تاکو ئێستاش 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەیانی رۆژی چوارشەممە، لە بەشە ناوخۆی زانکۆی لۆوا، قوتابییەکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی گێرالد بێلز لە دەرەوەی بەشە ناوخۆییەکەی، لە سەرمادا گیانی لەدەستدا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ویلایەتی لۆوا، پلەی گەرمی لە هەندێک کاتدا گەیشتووەتە 46 پلەی خوار سفر.
سەرماکە بەجۆرێکە، پسپۆڕانی کەشوهەوا، رێنمایی خەڵک دەکەن هەناسەی قووڵ لە دەرەوە هەڵنەمژن چونکە رەنگە ببێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی لەش زۆر بە خێرایی.
H.J