کوردێک گەورەترین خەڵاتی ئەدەبیی ئوسترالیا بردەوە

پەنابەرە و لە دوورگەیەک راگیراوە

K24 – هه‌ولێر:

بەهرۆز بووچانی، نووسەرێکی کورد کە ئێستا لە کامپێکی پەنابەرانی دوورگەیەکی ئوسترالیا دەستبەسەرە، گەورەترین خەڵاتی ئەدەبیی ئەو وڵاتەی بردەوە.

بەگوێرەی هەواڵیکی سایتی بی بی سی، بەهرۆز کوردی ئێرانە و لە رێگای نامەی بەرنامەی Whatsapp لەو سەنتەرەی تیایدا دەستگیرکراوە، کتێبەکەی بە ناوی "هیچ هاوڕێیەکمان جیا لە شاخەکان نییە" نووسیوە.

کتێبەکەی ئەو نووسەرە کوردە، خەڵاتی ڤیکتۆریانی بۆ ساڵی 2019 لە وڵاتی ئوسترالیا بردەوە و بڕی 100 هەزار دۆلاریشی پێبەخشراوە.

بووچانی لە سەنتەرێکی پەنابەرانی دوورگەی مانوسە لە ئوسترالیا و وەک یاسایەکی ئەو وڵاتە، ناتوانێت ئەو دوورگەیە جێبهێڵێت، هەتا ئەگەر مافی پەنابەرێتی وەربگرێت.

جیا لەو خەڵاتە، بەهرۆز خەڵاتێکی دیکەی بە ناوی Non- Fiction at the Victorian Premier's Literary بردەوە، بەهاکەی ئەویش، 25 هەزار دۆلارە.

لە لێدوانێکی بۆ بی بی سی، بەهرۆز لە بارەی خەڵاتەکانی دەڵێت: "لە لایەکەوە، زۆر دڵخۆشم چونکە سەرنجی خەڵکیم بۆ ئەم شوێنە پڕ نەهامەتییە راکێشاوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بیر لەوە دەکەمەوە کە من مافی ئەوەم نییە لێرە ئاهەنگ بگێڕم چونکە هاوڕێگەلێکی زۆرمان هەیە لێرە ئازار دەچێژن".

کتێبەکە بە زمانی فارسی نووسراوە و لە لایەن کەسێک بە ناوی ئومێد تۆفیغیان کراوە بە ئینگلیزی.

لە ساڵی 2013، بەهرۆز بە بەلەم و بە قاچاخ چووە ئوسترالیا و لەو کاتەوە لەو دوورگەیە سەرەڕای وەرگرتنی مافی مانەوە بەند کراوە، بۆ ئەوەش دەڵێت: "ئێرانم جیهێشت چوونکە نەمدەویست بخرێمە زیندان، بەڵام لێرەش چەند ساڵە هەر زیندانم".

بەهرۆز بووچانی لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و وەک نووسەر، رۆژنامەوان، چالاکوانی مافی مرۆڤ، شاعیر و دەرهێنەری فیلم، بەردەوام لە کارەکانی، باسی لە نەهامەتی و کێشەکانی گەلی کوردی کردووە.

H.J