بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەڵامی نەتەوە یەكگرتووەكان دەداتەوە

"رەتكردنەوەی داواكە بە بیانووی ناوچەی ئارامە"

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رەخنە لە راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەگرێت و دووپاتیدەكاتەوە، ھۆكاری درەنگ پێشكەشكردنی ھاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئاوارەكانی دێرزوور،  حكوومەتی سووریایە.

دەستەی كاروباری كۆمەڵایەتی لە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە راگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات، لە كاتێكدا ناوچەكانیان بە بارودۆخێكی سەختدا تێدەپەرن، پێشوازییان لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوە یەكگرتووەكان كەمتەرخەمییەكی زۆری لە كارە مرۆییەكەیدا كردووە.

ئاماژە بەوەش دەكات، لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی دێرزوور، چەندینجار داوایان لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كەمپێك لە نزیك گوندێكی دێرزوور بكاتەوە، بەڵام رێكخراوەكە داواكارییەكەی رەتكردەوە، بە بیانووی ئەوەی ناوچەكە نا ئارامە.

ھەروەھا بەرێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت، درەنگ پێشكەشكردنی ھاوكارییە مرۆییەكان بۆ كەمپی ھۆلێ، ھۆكارەكەی رێكخراوێكی مرۆیی سەربە حكوومەتی سوریا بووە.

پێشتر نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا باسی لە خراپی رەوشی ئاوارەكانی رۆژھەڵاتی سووریا كردبوو، كە ماوەی دوو مانگە ناوچەكانی خۆیان جێھێشتووە. پێشتریش 23 ھەزار كەس لە گوندەكانی دێرەزوور ئاوارەبوون و لە كەمپی ھۆلێ لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا نیشتەجێ بوون. لەو راپۆرتەدا نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەدابوو كە ئاوارەكان لە رەوشێكی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن و دەخوازێت كە رێگە بكرێتەوە بۆ ئەوەی ھاوكاری مرۆیی بگەیەندرێتە ئەو كەمپە.