ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر كوشتنی چیرۆكنووسهكهی كه‌ربه‌لا هاته ده‌نگ
"كارێكی وه‌حشیگه‌رانه‌یه"
K24 - هه‌ولێر:
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، له‌سه‌ر كوژرانی چیرۆكنووسی عێراقی (عه‌لا مه‌شزووب) هاته ده‌نگ و به كرده‌وه‌یه‌كی وه‌حشیگه‌رانه ناوی ده‌بات.
باڵیۆزخانه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر په‌یجی فه‌رمی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكردووه‌ته‌وه ده‌ڵێت "وێڕای سه‌ره‌خۆشی له خانه‌واده و هاوڕێیانی چیرۆكنووس عه‌لا مه‌شزووب، كه له كه‌ربه‌لا به‌شێوه‌یه‌كی وه‌حشیگه‌رانه كوژرا كه هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت. له هه‌مان كاتدا كاره‌كانی ئه‌و چیرۆكنووسه به رووگه‌ی شارستانییه‌ت ده‌زانین، چونكه هۆشیاری و خۆشی پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگا ده‌كرد".
ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له شاری كه‌ربه‌لا، ده‌ستڕێژی گوللـه‌یان له "عه‌لا مه‌شزوب" نووسه‌ر و چیرۆكنووس كرد و له نزیك ماڵه‌كه‌ی، تیرۆریان كرد. كاتێك مه‌شزووب به پاسكیله‌كه‌ی خه‌ریكبووه بگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌كه‌ی، له ناوه‌ڕاستی كه‌ربه‌لا، چه‌كداره‌كان هێرشیان كردووه‌ته‌وه سه‌ری و 13 گوللـه‌یان لێداوه و ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستداوه.
دوای رووداوه‌كه، چالاكوانانی عێراق له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، نووسراوێكی مه‌شزووبیان بڵاوكرده‌وه، كه تێیدا ره‌خنه‌ی له شۆڕشی ئیسلامی ئێران و خومه‌ینی گرتبوو، كه به شۆڕشی كاسێت ناوده‌برێت.
چالاكوانان باسیان له‌وه كردووه، ئه‌و نووسینه و وتار و ره‌خنه هاوشێوه‌كانی، بوونه‌ته هۆكاری تیرۆركردنه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌یلیان بۆ گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران هه‌یه.
مه‌شزووب، له ساڵی 1968 له‌دایكبووه و ساڵی 1992-1993 كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدای ته‌واو كردووه، هه‌ر له بواره‌كه‌ی خۆیدا له ساڵی 1999 ماسته‌ر و دكتۆراشی له 2014 ته‌واو كردووه.
به‌رهه‌مه‌كانی مه‌شزووب بریتین له: "جمهوریة الخان، مدن الهلاك – شاهدان، فوضی الوطن، جریمة فی الفیس بوك، ا‌دم سامی – مور).
چالاكوانان پوخته‌ی ره‌خنه‌كه‌ی مه‌شزووبیان بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه باسی روحوڵڵا خومه‌ینی، رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران له ساڵی 1979، كردووه و ده‌ڵێت: "بیرۆكه‌یه‌كی ته‌مومژاویم هه‌بوو له باره‌ی ئه‌و كۆڵانه‌ی خومه‌ینی لێی نیشته‌جێ بوو، كۆڵانێك بوو له‌سه‌ر شه‌قامێكی دوور و درێژ، ئه‌و پیاوه له عێراق له‌نێوان نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا ماوه‌ی سێزده ساڵ مایه‌وه، دواتر چووه كوێت، به‌ڵام له‌وێ پێشوازی لێنه‌كرا، بۆیه بڕیاریدا بچێته پاریس، دوای ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی كاسێت و تۆماری ده‌نگی، شۆڕشه‌كه‌ی هه‌نارده‌ی ئێران كرد، كه به (شۆڕشی كاسێت) ناوبراوه. دواتر ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت، دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕێكی له دژی ئه‌و وڵاته هه‌ڵگیرساند، كه پێشتر میوانداری كردبوو (مه‌به‌ستی عێراقه)".