هه‌فتانه 50 گه‌وره كۆمپانیا له ئێران داده‌خرێن
"به سه‌دان كرێكار بێكار ماونه‌ته‌وه"
K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ژووری بازرگانی له تاران رایگه‌یاند، دۆخی ئابووری وڵاته‌كه‌ی زۆر مه‌ترسیداره و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، زیاتر له نیوه‌ی گه‌وره كۆمپانیاكانی ئێران به‌هۆی قه‌یرانی ئابوورییه‌وه داخراون و به سه‌دان كرێكاریش بێكار بوونه.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، مه‌سعود خوانساری، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی له تاران ئاشكرایكرد، "هه‌فتانه 10 تا 50 گه‌وره كۆمپانیا له وڵاته‌كه‌ی داده‌خرێن و ئێستا به سه‌دان كرێكار كه پێشتر له‌و كۆمپانیایانه كاریان ده‌كرد، بێكار ماونه‌ته‌وه".
خوانساری دووپاتیكرده‌وه، "له ساڵی رابردوو زیاتر له نیوه‌ی كۆمپانیا به‌ڵێنده‌ره‌كان له پیشه‌سازی نه‌وت ده‌رگاكانیان داخستووه و ئێستا له كۆی 1500 كۆمپانیا، ته‌نیا 700 كۆمپانیا له كاره‌كانیان چالاكن".
دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران راگه‌یاند و سزای نوێی ئابووری به‌سه‌ر تاران‌دا سه‌پاند، ئێران رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئابووری بووه‌ته‌وه.
H.B