ئەنجوومەنی پیران بڕیاری لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە دوو وڵات دا

دەنگیان لەسەر کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا و ئەفغانستان دا

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بە پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیارێک، پلانی ترەمپی بۆ دەستبەجێ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و ئەفغانستان رەتکردەوە.

بە گوێرەی پڕۆژە بڕیارێکی ئەنجوومەنی پیران کە بە 70 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 26 دەنگی نەخێر پەسەندکرا، تاوەکو ئێستا چەکدارانی داعش لە سووریا و ئەفغانستان هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پیراندا، میچ مکونێل، سەرکردەی پارتی کۆمارییەکان رایگەیاند: "راستە پێشکەوتنی باش لە دژی داعش و قاعیدە لە سووریا و ئەفغانستان بەدەستهاتوون، بەڵام دەستبەجێ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو دوو وڵاتە سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات و دەبێت هۆی دروستبوونی بۆشاییەک کە ئێران و رووسیا سوودی لێوەردەگرن".

بە پەسەندکردنی ئەم پڕۆژ بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە کە کۆمارییەکان تێیدا زۆرینەن، پلانی دۆناڵ ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی دەستبەجێی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا و ئەفغانستان شکستی هێنا.

دۆناڵد ترەمپ، چەند جارێک سووربونی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا دووپاتکردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا، رێگری لەو کارە دەکەن، دەیانەوێت لانی کەم پرۆسەکە هێواش بکەنەوە.

H.J