ئێران هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات
یەکێتی ئەوروپا پێشتر نیگەرانی لە بارەی تاقیکردنەوە مووشەکییەکان دەربڕیبوو
K24 – ههولێر:
ئەگەرچی یەکێتی ئەوروپا نیازی هەیە ئێران لە سزاکانی ئەمەریکا بپارێزێت، بەڵام بەهۆی تاقیکردنەوە مووشەکییەکان کێشە کەوتووەتە نێوانیان.
دوێنێ دوو شەممە 04/02/2019، یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران دەربڕی و داوای وەستاندنی کرد چونکە "دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە و نەمانی متمانە".
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی یەکێتی ئەوروپا گووتویەتی: "پرۆگرامی مووشەکیی بۆ بەرگریکردنە و ئێران هەرگیز گفتووگۆشی لەسەر ناکات".
دەشڵێت: "هەڕەشە لە کۆماری ئیسلام ئێران بەرهەمدار و یارمەتیدەر نابێت، سوودیشی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا نابێت".
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا نیازیان هەیە سیستمێکی نوێی بازرگانیی بەبێ بەکارهێنانی دۆلار لەگەڵ ئێران بەکاربهێنن تاکو سزاکانی ئەمەریکا کاریگەری لەسەر هیچ لایەکیان نەبێت، بەڵام تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران، پەیوەندییەکانیانی نائاسایی کردووە.
H.J