محەمەد حاجی مەحموود: رێككەوتنی پارتی و یەكێتی چارەسەری ھەموو كێشەكان دەكات
"جگە لە رێككەوتن ھیچ رێگەیەكی دیكەیان نییە"
K24 - ھەولێر
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، جگە لە رێككەوتن پارتی و یەكێتی ھیچ رێگەیەكی دیكەیان نییە و رێككەوتنی ئەوان ھەموو كێشەكان چارەسەر دەكات.
محەمەد حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، لەبارەی رێككەوتنی لایەنەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "یەكێتی و پارتی ھیچ رێگەیەكی دیكەیان نییە جگە لە رێككەوتن پێكەوە، پێویستە ھەموو كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكەن".
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ كەركووك محەمەدی حاجی مەحموود گوتی: "گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك شتێكی باشە، بەڵام ئەگەر دۆخی ئەمن و ئاسایشی شارەكە لەدەست ئێمە نەبێت باش نییە، ئەگەر ئێستا ھەزار پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركووك لە ھەمانكاتدا 12 ھەزار چەكداری ھێزەكانی عێراق لەوێیە. ئاسان نییە لە شارێك بە شەڕ دەربكرێیت، بگەڕێیتەوە بتوانی ھەمان حكووم بكەیتەوە".
لەبارەی پرسی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند: "پێم وایە كۆبوونەوەكەی دوێنێی پارتی و یەكێتی و رێككەوتنیان چارەسەری ھەموو ئەو كێشانە دەكات".