سەرەڕای نیگەرانییەکان ئێران مووشەکێکی نوێی نمایشکرد

ئەمەریکا و ئەوروپا هاتوونەتە دەنگ

K24 – هه‌ولێر:

سوپای پاسداران نوێترین مووشەکی بالیستیکی (مەودا درێژ) تاقیکردەوە، ئەمەش سەرەڕای نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا دێت.

سایتی Sepah Newsی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ پێنچشەممە 07/02/2019 بڵاویکردەوە: "مووشەکێکی نوێی زەوی بە زەوی بە مەودای هەزار کیلۆمەتر نمایشکرا".

سەرەتای ئەم هەفتەیە، یەکێتی ئەوروپا، داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد پەرەدان بە مووشەکە بالیستیکەکانی رابگرێت و چونکە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتری ناوچەکە، بەڵام تاران ئەو داوایەی بە تەواوی رەتکردەوە.

هەر لەبارەی نمایشکردنی ئەو مووشەکە نوێیە، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا رایگەیاند: "تاقیکردنەوە مووشەکییە نوێکەی ئێران، سەلماندی رێککەوتنەکەی ئێران پرۆگرامی مووشەکی ئەو وڵاتە راناگرێت".

دەشڵێت: "ئێران تەحەدای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دەبێت رێگری نێودەوڵەتی لێ بکرێت".

موحەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسداران کە هەستا بە نمایشکردنی مووشەکە نوێکە، لەبارەی نیگەرانییەکانی رۆژئاوا رایگەیاند: "سیستمی بەرپەرچدانەوە بۆ ئەم وڵاتە دروستکراوە و لەگەڵ هیچ کەسێکیش باسی ناکەین و قابیلی گفتوگۆکردن نییە".

Deutsche Welle

H.J