پێشمەرگەیەك: ئەگەر ناچار نەبم شۆفێراییەتی تاكسی ناكەم

بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە

K24 - كۆیە

ژماریەك پێشمەرگە و پۆلیس لە قەزای كۆیە دژی بڕیاری قەدەخە كردنی كاری شۆفێری تاكسی لە پێشمەرگە و كارمەندانی ھێزەكانی ناوخۆ گردبوونەوە و داوا دەكەن پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بكرێت.

پێشمەرگەیەك لەناو خۆپیشاندەران بە كوردستان24 راگەیاند: "بڕیاری قەدەخە كردنی پێشمەرگە و كارمەندانی ھێزەكانی ناوخۆ لە كاری شۆفێری تاكسی بڕیارێكی خراپە و لە بەرژەوەندی خەڵكی ھەژار دا نییە، چونكە من ئەگەر ناچار نەبم ئۆتۆمبێلێكی تایبەت "خسوسی" لێدەخوڕم و شۆفێرییەتی تاكسی ناكەم، ئایا پێشمەرگە بە مووچەی 500 تا 600 ھەزار دینار دەتوانێ بژێوی ژیانی خێزانێكی پێنج كەسی دابین بكات؟ پێویستە پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بكرێت، ئەگەر مووچەمان ملیۆنێك دینار بێت باوەڕناكەم كەسمان ببینە شۆفێری تاكسی. من پێنج منداڵم قوتابین بە مووچەكەم چۆن دەتوانم پێداویستییەكانی ئەوان دابین بكەم؟، تاكسیەكەم بە قەرز كڕیووە، ئێستا بیفرۆشمەوەش زەرەری زۆرتر دەكەم".