هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت
دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان چالاككردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌خرێته به‌رباس
K24- هه‌ولێر:
بڕیاره ھەفتەی داھاتوو پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت, بەڵام تا ئێستا ھیچ ئاگاداریه‌ك له‌مباره‌یه‌وه به فراكسیۆن و پەرلەمانتاران نەگەیشتووە بۆ ئەوەی 18ی ئەم مانگە كۆببنەوە.
کەمتر لە ١٠ رۆژی دیکە، دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ھەڵدەبژێردرێت، جگە لە ھەڵبژاردنی دەستەکەش چالاکكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم، دەخرێتە بەرباس.
به‌گوێره‌ی پلانیش ٤٨ کاتژمێری دوای کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆی نێوان فراکسیۆنەکان دەھێڵدرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لەو ماوەیە، لە نێوان خۆیان رێکبکەون و راستەوخۆ، دانیشتنی دوای ١٨ ی شوبات، تایبەت دەبێت بە چالاککردنەوەی دامەزراوەکە و ھەمووارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان.
سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ش، تاریق جەوھەر، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24 ده‌ڵێت: "ده‌رگای خۆپاڵاوتن ده‌كرێته‌وه و دوای تۆماركردنی ناوه‌كان پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه ده‌چێت، كه هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك، جێگر و سكرتێر به جیا هه‌ڵده‌بژێردرێن".
هه‌رچه‌نده تا ئێستا ھیچ ئاگادارکردنەوەیەک تایبەت بە دانیشتنەکەی ١٨ ی ئەم مانگەی پەرلەمان، بۆ فراکسیۆنەکان نەنێردراوە، ھیچ رێککەوتنێکیش لە نێوان فراکسیۆنەکان ئەنجامنەدراوە، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت، لە ١٥ ی ئەم مانگە سەرۆکی کاتی پەرلەمان بە بەیاننامەیەکی فەرمی، سەرجەم ئەندامان و فراکسیۆنەکان بۆ ئامادەبوون لەو دانیشتنە ئاگادار بکاته‌وه.
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیش ده‌ڵێت: "پێویستبوو دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی زووتر ئه‌نجام بدرێت، ده‌بوایه تائێستا ئه‌ركی یه‌كه‌م دانیشتن بۆ ده‌ستنیشانكردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ته‌واو كرابا".
جه‌وده‌ت گوتیشی: "پێویسته دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ جێگیركردنی پڕۆژه یاسای چاكسازی، نه‌هێشتنی بندیوار، فره‌مووچه‌یی، خانه‌نشینی نایاسایی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه ته‌رخان بكرێت".
ھەندێک لە فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان، گومانیان لە ئەنجامنەدانی دانیشتنی دووەمی خولی پێنجەم ھەیە، بەڵام پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە جه‌خت لە ئەنجامدانی ئەو دانیشتنە دەکەنەوە، به گوێره‌ی پێشبینییه‌كانیش، لە سێ کاندید بۆ سێ پۆستەکەی دەستەی سەرۆکایەتی زیاتر نابێت.
H.B
هه‌ر له‌باره‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، ڤالا فه‌رید، په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان له‌كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان 24 ورده‌كاری زیاتری خسته روو.