دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ناوەکی: هیچ هەڕەشەیەک لەسەر عێراق نییە
دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ناوەکی، تیشکی، کیمیایی و بایۆلۆجی جەختدەکاتەوە، هیچ ئاماژەیەک بۆ بوونی مەترسی و هەڕەشەی راستەوخۆی تیشکی بۆ سەر عێراق لە ئارادا نییە. دەستەکە روونیکردەوە، سەرجەم رێکارە هونەری و خۆپارێزییە پێویستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرێکی ناوەکی یان تیشکی لە ناوچەکەدا گیراونەتەبەر.
فازڵ حاوی مزبان، سەرۆکی دەستەکە و ئەندازیاری ناوەکی، گوتی "پێوەرە جوگرافی و جیۆلۆجییەکان و بارودۆخی کەشوهەوا وادەکەن کاریگەریی تیشکیی ئەگەری لەسەر خاکی عێراق سنووردار بێت، لەگەڵ بەردەوامیی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ هەر پێشهاتێک."
فازڵ روونیکردەوە، هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان پشت بە چەند هۆکارێک دەبەستێت، دیارترینیان دووریی ئەو شوێنانەیە بە سەدان کیلۆمەتر لە سنوورەکانی عێراق، هەروەها سروشتی پێکهاتەی جیۆلۆجیی ناوچەکە، بەتایبەت بوونی هەندێک دامەزراوە لە ناوچە شاخاوییەکاندا کە پێکهاتەی بەردی گرانیتییان هەیە و لە قووڵایی زیاتر لە 100 مەتر لەژێر رووی زەویدان. ئەم دۆخەش لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری پاشماوەی هەر تەقینەوەیەک و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکییەکان.
سەرۆکی دەستەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئاراستەی با، بەتایبەت لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوادا، لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە دوورخستنەوەی پاشماوە تیشکییەکان لە خاکی عێراق، ئەمەش ئەگەری گەیشتنیان بۆ ئاسمان و ناوچەکانی عێراق کەمدەکاتەوە."
ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، دەستەکە لە رێگەی ژووری فریاکەوتنی ناوەندیی رووداوە ناوەکی و تیشکییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، سیناریۆ و پلانی پێویستی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەگەرەکان ئامادەکردووە.
روونیشیکردەوە، ئامادەکارییەکان سیستەمەکانی چاودێریکردن و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەگرنەوە کە لە سەرتاسەری ناوچە سنوورییەکان بڵاوکراونەتەوە و بە تۆڕەکانی چاودێریی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە بەستراونەتەوە، ئەوەش بۆ بەدواداچوونی ئاستی تیشکی سروشتی و دۆزینەوەی پێشوەختەی هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی، بە جۆرێک خێرایی لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و گرتنەبەری رێکاری گونجاو مسۆگەر بکات.
فازڵ جەختیشیکردەوە، پاراستنی هاووڵاتییان و ژینگە لە پێشینەی کارەکانیانە، دەستەکەش بەردەوامە لە چاودێریکردنی پێشهاتە هەرێمییەکان و هەڵسەنگاندنی ئاماژە هونەری و زانستییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام. داواشی لە هاووڵاتییان کرد زانیاری تەنیا لە سەرچاوە فەرمییە باوەڕپێکراوەکان وەربگرن و بەدوای دەنگۆکاندا نەکەون.
ئەمە لەکاتێکدایە تاران ئامادەکارییەکانی توندتر کردووەتەوە، ئەوەش لە وەڵامی هۆشدارییەکانی تاکەر کارلسۆن، راگەیاندنکاری ئەمریکی دێت. کارلسۆن لە لێدوانێکدا باسی لە ئەگەری هێرشێکی ئەتۆمی لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردبوو بۆ سەر ئێران، کە رەنگە لە ماوەی چەند رۆژێکدا و لەژێر فشاری بنیامین ناتانیاهۆدا رووبدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتریش هەڕەشەی بەئامانجگرتنی دامەزراوەی چیای کوڵنگی کردبوو، کە دەکەوێتە نزیک کۆمەڵگەی ئەتۆمیی نەتەنز. ئەم هەڕەشانە لەکاتێکدایە کە ترەمپ پێشتر لە لێدوانێکیدا بۆ رۆیتەرز، بەکارهێنانی بژاردەی ئەتۆمیی بەدوور زانیبوو.
دامەزراوەی چیای کوڵنگ دەکەوێتە دووریی نزیکەی 225 کیلۆمەتر لە باشووری تاران. ئەو دامەزراوەیە لە قووڵایی 80 بۆ 100 مەتر لەژێر زەویدا هەڵکەندراوە.
بەئامانجگرتنی ئەم دامەزراوەیە بە چەکی ئاسایی بووەتە تەحەدایەکی گەورەی سەربازی. لەم نێوەندەدا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش نەیتوانیوە پشکنینی تێدا بکات و تاران جەختدەکاتەوە لە ئاشتیانەبوونی پرۆگرامەکەی.