لە سلێمانی بە زەبری چەك زەوی شارەوانی داگیر دەكرێت
ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ھۆشداری دەدەن
K24 - سلێمانی
ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنن "لە سنووری شارەوانی سلێمانی، ھەندێك كەس بە زەبری چەك زەوییەكانی شارەوانی داگیر دەكەن و دەیفرۆشنەوە".
رێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "داوا لە داواكاری گشتی و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان و ھێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەكەین، بێنە سەرخەت، ناكرێ چەند ھاووڵاتییەك بە چەكەوە بوەستن و زەوییەكانی شارەوانی داگیر بكەن و بیفرۆشن، كهسیش نهبێت لێیان بپرسێتەوە".
گوتیشی: "زیاتر له 500 پارچە زەوی لە ناوچەی كانیی شینكە، لە نزیك شوقەكانی مامۆستایان لە سلێمانی، بەم شێوەیە فرۆشراون، ھەروەھا لە چەند شوێنێكی دیكەی پارێزگاكهدا، بە ھەمان شێوە، زەوی شارەوانی دەفرۆشرێت".