کونسوڵی سریلانکا: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان 100% یاسایی بوو
کونسوڵی هەردوو وڵاتی سریلانکا و فلیپین لە هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان دەکەن و جەخت لە یاساییبوون و گرنگیی ئەو هەنگاوە دەکەنەوە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2026، کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان کۆبوونەوە.
ئەحمەد جەلال، کونسوڵی فەخریی سریلانکا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24، پیرۆزبایی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی کرد.
کونسوڵی فەخریی سریلانکا جەختی کردەوە، پرۆسەکە روون و ئاشکرا بووە و 100% لە رووی یاسایی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە قبووڵکراوە.
لە لایەکی دیکەوە فەلاح ئەنوەر، کونسوڵی فەخریی فلیپین لە هەرێمی کوردستان، هیوای خواست کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ببێتە دەستپێکی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسی لە ناوچەکەدا.
فەلاح ئەنوەر ئاماژەی بەوە دا، هەنگاوەکە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن بەیەکەوە خزمەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
رۆژی چوارشەممە چواری تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی کوردستان دوای ماوەیەک لە راوەستانی کارەکانی، جارێکی دیکە کارا کرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی هەڵبژارد.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی گەرمیان لەو هەنگاوە کرد. سەردانی نێردە دیپلۆماسییەکان و کونسوڵەکان بۆ پەرلەمان، نیشاندەری گرنگیی سەقامگیریی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستانە لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە.