هێزی فره‌ڕه‌گه‌ز رۆژهه‌ڵاتی فورات ده‌پارێزن
ئه‌مه‌ریكا له‌و هێزه‌دا به‌شدار ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند: "ئه‌و ھێزانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كه له رۆژهه‌ڵاتی فورات ده‌مێننه‌وه، به‌شێك ده‌بن له هێزه فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان و ئامانجیان رێگه‌گرتنه له گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و پاڵپشتیكردنی ئاسایش و سه‌قامگیریی له ناوچه‌كه‌دا.
رۆبێرت پالادینۆ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتوویه‌تی: "پرۆسه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام ده‌بێت، كاتێكیش پرۆسه‌كه كۆتایی دێت، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه رزگاركراوه‌كان و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن بۆ بنبڕكردنی تیرۆر و پاڵپشتیكردنی هه‌وڵه‌كانی سه‌قامگیریی به‌رده‌وام ده‌بین".
پالادینۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه "گفتوگۆ له‌نێوان واشنتن و هاوپه‌یمانانی له‌باره‌ی ئایینده‌ی ناوچه‌كه‌وه به‌رده‌وامه، به‌ڵام ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئاشكرا نه‌كرد، كه هێزه فره‌رڕه‌گه‌زه‌كه پێك ده‌هێنن".
ئه‌وه له كاتێكدایه كه مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو، له‌باره‌ی ره‌وشی سووریا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ هاوتا بریتانی و فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ی كرد و چاوی به نێرده‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سووریاش كه‌وتبوو.