"چارەسەری ریشەیی كێشەی كەركووك تەنھا جێبەجێكردنی دەستوورە"
كورد سوورە لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور
K24 - سلێمانی
ھەرچەند سەرۆک وەزیزانی عێراق داوای چارەسەری ریشەیی كێشهكانی کەرکووک دەکات، بەڵام کورد رای وایه، كه چارەسەری ریشهیی و كۆتاییهێنان به تهواوی کێشەکانی کەرکووك، به جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور دەکرێت.
نوێنهرانی كورد لە ئهنجومهنی نوێنەرانی عێراق، سوورن لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140، ئهوان رایان وایە ھیچ جێگرەوەیەك نییە، تا بتوانێ دۆخی ناوچە كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم چارهسهر و یهكلایی بكاتهوه.
بەختیار شاوەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستان24ی گوت: "چارەسەری ریشەیی ئەو بابەتە بریتییە جێبەجێكردنی دەستوور، من گەشبینم كە ئەم كابینەیەی حكوومەتی عێراق، وەك كابیەنی پێشتر نەبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت بڵێین عادل عەبدولمەھدی لەم ماوەیەدا ماددەی 140 جێبەجێ دەكات".
بەشێک لە چاودێرە سیاسییەکانی عێراق نایشارنەوە، گەر بە زوویی چارەسەری کێشەکان نەکرێ، ئەوە دۆخەكه زیاتر ئاڵۆز دەبێت، روونیشی دەکەنەوە، گرفتەکانی نێوان ھەرێم و عێراق بە پابەندبوونی دەستوور یەکلا دەبێتەوە.
لەم بارەوە رەحیم ئەبو رەغیف، بیرمەندی عێراقی دەڵێ: "ھیوادارم سەرجەم فراكسیۆنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرسی كەركووك رێك بكەون، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە كێشەكان چارەسەر بكرێن و ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە و كەركووك ببێتە نموونەیەك لە ھەموو عێراق و ناوچەكە و ھەموو پێكھاتەكان بە ئاشتییانە ژیان بەسەربەرن".
دەستووی عێراق لە 144 ماددە پێکھاتووە، کە 55 یان تایبەت کراون بە کوردستان، ھەردوو ماددەی 140 و 132 گرنگترین ماددەکانی تایبەت بە کوردن، بەڵام دەستەڵاتدارانی حکوومەتی عێراقی ھەموو ھەوڵێکیان لە کابینە یەک لە دوایەکەکان داوه، بۆ ئەوەی رێگریی لە جێبەجێکردنی ماددە دەستورییەکان بکەن، له بهرامبهریشدا کورد بهردهوام پێداگریی دهكات لە جێبەجێکردنی دهستووری ههمیشهیی به تهواوی بڕگه و ماددهكانی، تا دۆخی كهركووك و تهواوی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی كوردستان یهكلا بێتهوه.
ھ.م