داعشه‌ بیانییەكان بێ خاوەن دەمێننەوە

چەندین چەكداری داعش بە برینداری خۆیان رادەست كرد

K24 - دێرەزوور

لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی ھەسەدە، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە خێزانی چەکدارانی داعش باغۆز جێدەھێڵن و خۆیان دەگەیەننە ناوچەكانی بندەستی ھەسەدە، لەناویشیاندا چەندین چەكداری داعش ھەن.

بەرپرسێکی هەسەدە بۆ کوردستان24 دەڵێ "وڵاتانی بیانی نایانەوێ چەکدارانی بیانی وەربگرنەوە، بەڵام داوا دەكەن باغۆز لە چەكدارانی داعش پاكبكرێتەوە".

پەیامنێری كوردستان24 لە نزیك سەنگەرەكانی شەڕ لە دێرەزوو رایگەیاند: "زۆربەی ئەو چەكدارانەی داعش كە خۆیان رادەستی شەڕڤانانی ھەسەدە دەكەن بریندارن".

چەكدارێكی داعش بەناوی مووسا حوسێن، كە لە دەوروبەری باغۆز خۆی رادەستی ھەسەدە كردووە بە كوردستان24 گوت: "دووجار لە عێراق برینداربووم، دواتر دیسان بەشداری شەڕەكانم كردەوە، ئێستا پەشیمانم لەوەی كردوومە".

ھەروەھا چەكدارێكی دیكەی داعش بەناوی داود شەھاب، دەڵێ: "من مەلای مزگەوت بووم لە فەلوجە و بڕیارمدا پێش ئەوەی دەستگیر بكرێم بڕۆمە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)".

عەدنان عەفرینی، فەرماندەی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) بە كوردستان24 راگەیاند: "تائێستا دۆسیەی گەڕانەوەی چەكدارە داعشە بیانییەكان بۆ وڵاتەكانیان نەكراوەتەوە، دوای رزگاركردنی باغۆز گفتوگۆ لەوبارەوە دەست پێدەكەین".

ھ،م