یەكێتی تاوتوێی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەكات

گفتوگۆ سەبارەت بە پۆستەكان دەكرێت

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی ھەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كۆدەبێتەوە.

كاروان یار وەیس، بەرپرسی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "كاتژمێر 5ی ئێوارە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی دەست پێدەكات، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكرێت".

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی گفتوگۆ لەبارەی ئەو پۆستانە دەكات كە لە پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەری دەكەوێت.

ئەمەش دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی بۆ تاوتوێكردنی ھەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كۆبووەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتەبێژی پارتی رایگەیاند، پارتی چاوەڕێی یەكێتی دەكات كاندیدەكانی خۆیان بۆ پۆستەكانی پەرلەمانی كوردستان دیار بكەن.