لە هەولێر کۆنسێرتێکی موزیک و گۆرانی بەڕێوەدەچێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی موزیک و کەلەپووری هەولێر، بەبۆنەی رۆژی جیهانی موزیکەوە، کۆنسێرتێکی موزیک و گۆرانی، لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

پێنجشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2026​، سەرمەند فواد، سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم یادە هونەرییە بە یەکێک لە چالاکییە دیارەکانی ئەمساڵ دادەنرێت و ئامانج لە سازکردنی، زیندووکردنەوەی کەلەپووری رەسەنی کوردی و بەرز راگرتنی پێگەی موزیکە لە ناوەندە رۆشنبیرییەکاندا."

سەرمەند فواد سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە گوتی، "لەم کۆنسێرتەدا زیاتر لە 25 هونەرمەند و موزیکژەنی بەتوانا و ئەزمووندار ئامادەیییان دەبێت بۆ پێشکەشکردنی تابلۆی جۆراوجۆری موزیکی. هەروەها ئامادەبووان بینەری زنجیرەیەک بەرهەم و گۆرانیی رەسەنی کوردی دەبن کە رەنگدانەوەی کولتوور، فۆلکلۆر و رەسەنایەتیی دەوڵەمەندی نەتەوەکەمانن."

سەبارەت بە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کۆنسێرتەکە، سەرمەند فواد دەڵێت، "​تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم کۆنسێرتە لەوەدا دەبینرێتەوە کە هەڵبژادەیەک لە هونەرمەندان و موزیکژەنانی شارەزا لە هەموو بەش و پارچەکانی کوردستانەوە تێیدا کۆبوونەتەوە تاوەکو بە توانای هونەری و ژەنینی ئامێرە جۆراوجۆرەکان رەنگینیی کولتووری کوردی نیشان بدەن. هاوکات، بە بەشداریی چوار  گۆرانیبێژی دیاری بواری موزیکی کوردی، چەندین گۆرانی و سۆلۆی رەسەن پێشکەش بە ئامادەبووان و ئارەزوومەندانی هونەر دەکرێت."

ئەو کۆنسێرتی موزیک و گۆرانییە، بەبەشداری هەر یەک لە هونەرمەندان، حەمە زیرەک، ئاشتی عەزیز، هندرێن رۆژ و محەمەد عەباس، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2026، لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.