وەزارەتی بەرگریی تورکیا: بنکەی زێلکان رادەستی عێراق دەکەین

بنکەی زێلکان (ئەرشیف)
بنکەی زێلکان (ئەرشیف)

وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڕیاری دا بە شێوەیەکی پلەبەندی بنکەی سەربازیی زێلکان لە باشیک رادەستی حکوومەتی عێراق بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاریان داوە بنکەی سەربازیی زێلکان لە باشیک رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بکەن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی رادەستکردنەکە بە شێوەیەکی پلەبەندی دەبێت و بەپێی ئەو میکانیزمە بەڕێوەدەچێت، کە پێشتر هەردوو وڵات لەسەری رێککەوتوون.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، بڕیاری رادەستکردنی بنکەی سەربازیی باشیک بۆ ئەو پێشکەوتنانە دەگەڕێتەوە، حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی رێکارە ئاسایشییەکاندا لە قەزای شنگال بەدەستی هێناوە.

بنکەی سەربازیی زێلکان دەکەوێتە ناحیەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا و لە ساڵی 2015ـەوە هێزەکانی تورکیای تێدا جێگیر کراون. لە سەرەتادا مەبەست لە دروستکردنی ئەو بنکەیە، راهێنانپێکردنی هێزە عێراقییەکان بوو بۆ شەڕی دژی چەکدارانی داعش، بەڵام دواتر بووە خاڵێکی ناکۆکیی نێوان ئەنقەرە و بەغدا و چەندین جار عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیای لەو بنکەیە کردووە.

لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2026، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر چەند پرسێکی ئاسایشی رێککەوتن.

 بەپێی رێککەوتنەکە، تورکیا رازی بوو بە شێوەیەکی پلەبەپلە بنکەی زێلکان رادەستی حکوومەتی عێراق بکات، لە بەرانبەردا عێراق دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال بگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە بوونی گرووپە چەکدارە بیانییەکان لەو ناوچەیە بهێنێت.