كوردستان 24 نههامهتییهكانی كۆڵبهرانی رۆژههڵاتی كوردستان دهخاته ڕوو
تهنها لهماوهی ساڵێكدا 231 كۆڵبهر كوژراون
K24- ههولێر:
بە هۆی بارینی بەفرێکی زۆرهوه، لە سنوورەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووچۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئهستەم بووە، ئەمەش وای کردووە کاری کۆڵبەری لەم سنوورانەدا پەرە بستێنێ. کامێرای کوردستان 24 بۆ یەکەمجار لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سهختی و مهینهتییهكاتی كاری كۆڵبهری له پێناو پهیداكردنی بژێوی و پاروویهك نان، دهگوازێتهوه.
بەم سەرمای زستانە و لە نێو بەفر و بارانیشدا، کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان و بردنەوەی پاروویەک نان بۆ سەر سفرەی ماڵهكانیان، لە نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هاتوچۆدان.
یەکێک لە سەختترین ڕێگاکانی کاری کۆڵبەران، سنووری ناوچەی هەورانە. کۆڵبەرانی ئەم ناوچەیە له کاتژمێر دووی شەوەوە لە ماڵ دەردەچن. بە ژێر بەفر و باڕندا لەم چیایانە سەردەکەون و لە دیوی باشووری کوردستانەوە، هەر کامیان بە کۆڵێکی 30 تا 40 کلۆییەوە دەبێ زیاتر لە 10 کاتژمێر بەم شاخە پڕ لە هەڵدێر و هەڵەمووتانەدا رێگا ببڕن و کۆڵەکانیان بگەیەننەوە شوێنی مەبەست، لە ناو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بە پێی وەرز و کەشوهەوا، لە نێوان دوو هەزار تا چوار هەزار کٶڵبەر، لەم سنوورە کار دەکەن. لە نێوان پێنجسەد تا هەزار خاوەن ئوتۆمبێلیش، کە هاتووچۆ بەم کۆڵبەرانە دەکەن، داهاتەکەیان لەسەر کارکردنی ئەم کۆڵبەرانەیە.
بەفر و بەستەڵەک ئەگەرچی کارەکەیانی زەحمەت کردووە و زۆر کەس بە هەڵدێران لەم شاخانە تووشی شکاندنی دەست و قاچیان دەبن، بەڵام هەر ئەم بەفر و سەرمایە تا ڕادەیەک مەترسیی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی لەسەریان ڕەواندۆتەوە، لەبەر ئەوەی چەکدارەکان بە هۆی بەفرەوە لە بنکەکانی خۆیان نایەنە دەرهوە.
سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسانی حکوومی بۆ چاککردنی دۆخی کار و ژیانی کۆڵبەران، لە ماوەی ساڵی رابردووشدا دۆخی ژیانی کۆڵبەران ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر بووە. سەرهڕای پەرە سەندنی گرانی و هەژاری لە ناوخۆی ئێران، حکوومەت زۆربەی سنوور و ڕێڕەوە کۆڵبەرییەکانی داخستووە. تەقەکردنی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتیش لەم کۆڵبەرانە هەر بەردەوام بووەو لە ساڵی 2018 دا 231 کۆڵبەر و لە ماوەی دوو مانگ و 10 ڕۆژی ساڵی 2019 شدا، زیاتر لە 50 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.
ئامادهكردن: كامیل بۆكانی