به‌ ياسايه‌كى نوێ سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم كارا ده‌كرێته‌وه‌

پەرلەمان خۆی بۆ کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکات

K24 – هه‌ولێر:

پەرلەمان خۆی بۆ  کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکات. یاسا کۆنەکە کاری پێ ناکرێت و لە بری ئەوە پرۆژە یاسايه‌کی تازە ئامادە  کراوە.

ئەو پرۆژە یاسایە بەو شێوە داڕێژراوە، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و دەستەڵاتەکانی وەک خۆی دەمێننەوە.

بژار کۆچەر ئەندامی لیژنەی یاسايی پەرلەمان بۆ كوردستان24 رايگه‌ياند، بە رێککەوتنی حزبەکان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە، پڕۆژه‌كه‌ دەهێنرێتە پەرلەمان و لەوێ پەسەند دەکرێت.

رێککەوتنەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی بڕاندووەتەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت ئەوەی ماوە بگەنە رێککەوتن جێگرەکەشی لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت.

بەڵێن ئیمساعیل، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ كوردستان24 رێککەوتنێکی حزبەکەی و پارتی ئاشکرا كرد، كه لەکاتی نوسینەوەی دەستوور بڕیاری کۆتايی لە بارەی دەستەڵات و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک دیاری بکرێت.

یەکەم قۆناغی پێکهێنانی حکوومەت کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە پەرلەمانتاران چاوەڕێی رێککەوتنی حزبەکانن بۆ تێپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان جونكه نایانەوێت بەبێ رێککەوتنی لایەنەکان دەستی بۆ ببەن.