لە شنگال شەڕ لە نێوان ھێزەكانی پەكەكە و سوپای عێراق روویدا
چەند كەسێك كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون
K24 - شنگال
شەوی رابردوو شەڕ لەنێوان یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) و سوپای عێراق لە سنووری شنگال روویداوە. بەپێی زانیارییەكان دوو سەربازی عێراق كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش لە ھەردوولا برینداربوونە.
لەوبارەوە شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراقی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "شەوی رابردوو ھێزێكی پەكەكە چووەتە سەر بازگەیەكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا لە ناوچەی تربەکای سەر بە شارەدێی سنونێ لە سنووری قەزای شنگال، داوای لە سەربازێك كردووە رێگەیان پێبدەن سنووری نێوان رۆژئاوا و باشووری كوردستان ببەزێنن، بەڵام دوای ئەوەی رێگەیان پێنەدراوە، ھەڵیان كوتاوەتە سەر بازگەكە، لە ئەنجامدا شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھەردوولا روویداوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا دوو سەربازی سوپای عێراق كوژراون و شەش ئەندامی یەبەشەش بریندار بوونە.
ھ،م