لە هێرشێکی پاکستان دا زیاتر لە 20 ئەفغانی کوژران

پاکستان و ئەفغانستان بە ناوی بەرگری لەخۆکردن هێرش دەکەنە سەر یەکتر

حکوومەتی پاکستان رایگەیاند، بەهۆی چەند هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئەفغانستان، 22 کەس بە تۆمەتی "تیرۆریزم" کوژراون و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیش تێکشکێنراون.

لە بەرامبەر ئەو راپۆرتانەدا، سەرچاوەیەکی حکوومەتی ئەفغانستان بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان بۆ سەر هەردوو ویلایەتی کونەر و هێلمەند، کوژرانی 9 کەس و برینداربوونی 7 کەسی دیکەی لێکەوتووەتەوە.

مەولوی شیر محەممەد وەحدەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و کولتوور لە هێلمەند بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان دوو ماڵیان لە ناوچەی غەرمسێری سەر بەو ویلایەتە کردووەتە ئامانج.

وەحدەت گوتی: بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، تا ئێستا 4 کەس کوژراون و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

پێنجشەممەی رابردوو، حکوومەتی ئەفغانستان رایگەیاندبوو، بەهۆی هێرشەکانی پاکستان بۆ سەر ویلایەتەکانی قەندەهار، پەکتیا و خوست، 4 هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە.

ئیسلام ئاباد رایگەیاند، 10 پێگەیان کردووەتە ئامانج کە بۆ هەڵگرتن و ئاراستەکردنی درۆن دژی ئامانجەکان لە پاکستان بەکار هاتوون. پاکستان ئەو پرۆسەیە وەک بەرگری لە خۆکردن وەسف دەکات.

گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کۆتایی شوباتی رابردووەوە پەرەی سەندووە، کە هێرشەکانی پاکستان بۆ سەر کابول و قەندەهار لەخۆ دەگرێت. سەرەڕای گەیشتن بە ئاگربەست لە مانگی ئاداردا، هەوڵەکانی ناوبژیوانی نەبوونە هۆی دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ کێشەکانی نێوان هەردوو دراوسێ.

ئیسلام ئاباد، حکوومەتی ئەفغانستان بە داڵدەدانی چەکدارانی "تالیبانی پاکستان" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت هێرش دەکەنە سەر خاکی وڵاتەکەی. لە بەرامبەردا کابول ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و پاکستان بە داڵدەدانی گرووپە نەیارەکانی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئەفغانستان تۆمەتبار دەکات.