سوپای عێراق ھۆشداریی دەداتە پەكەكە

فەرماندەیەكی سوپای عێراق لەگەڵ ھێزەكانی یەبەشە كۆبووەتەوە

K24 - ھەولێر

سوپای عێراق هۆشداری لە جموجۆڵی سەربازی هێزەکانی یەبەشە لە شنگال دەدات.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند "نەجم جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، فەرماندەی فیرقەی 15 و چەند فەرماندەییەکی دیکەی سوپای عێراق، کە لە بەغداوە هاتوونەتە شنگال، لەسەر شەڕەکەی دوێنیی نێوان هێزەکانی یەبەشە و سوپای عێراق لەگەڵ هێزەکانی یەبەشە کۆبوونەوە".

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان "لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندە عیراقییەکان داوایان لە یەبەشە کردووە، نابێت بە هیچ شێوەیەک سنووری نێوان عێراق و سووریا، کە لەژێر کۆنترۆڵی یەبەشەیەدایه‌ بکرێتەوە و نابێت هیچ كێشه‌ و ئاسته‌نگ بۆ جموجۆڵه‌ سەربازییه‌كانی سوپای عێراق دروستبکەن".

هەروەها نه‌جم جبوری بە هێزەکانی یەبەشەی راگەیاندووە، لە ئەگەری پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکان، ئەوا دەبێت هێزەکانیان ئەو سنوورە چۆڵ بکەن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو شەڕ لەنێوان یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) و سوپای عێراق لە سنووری شنگال روویداوە. بەپێی زانیارییەكان دوو سەربازی عێراق كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش لە ھەردوولا برینداربوون.