مه‌سرور بارزانی وه‌لانانی بەرژەوەندییە لاوەکییەکان په‌ره‌ به‌ دەسکەوتەکان ده‌دات

"یادە نیشتمانی و نەتەوەییەکان فاکتەری کاریگەری پرۆسەی بنیاتنانی نیشتمان و نەتەوەن"

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز، داوای وه‌لانانی بەرژەوەندییە لاوەکییەکان و په‌ره‌دان به‌ دەسکەوتەکان ده‌كات و ده‌ڵێت: "یادە نیشتمانی و نەتەوەییەکان فاکتەری کاریگەری پرۆسەی بنیاتنانی نیشتمان و نەتەوەن".

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌ "بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم. ھیوادارم رۆژانی جەژن لە کەشێکی ئارام و پڕ لە خۆشیدا بەسەر بەرن".

‎هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "یادە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و لەوانەش نەورۆز، فاکتەری کاریگەری پرۆسەی بنیاتنانی نیشتمان و نەتەوەن، بۆیە ئاواتەخوازم یادکردنەوەی ئەم بۆنە نیشتمانیانە لەو چوارچێوە کڵێشەییانەی تەنیا خوێندنەوەی پەیام و پیرۆزبایی دەربچن، یادکردنەوەی بێ ناوەڕۆک، چەمکی یادە نیشتمانییەکان کەمڕەنگتر دەکات و لە ئەنجامدا ئەم بۆنە مێژووییانە بایەخی خۆیان لای نه‌وه‌كانی داهاتوو لە دەست دەدەن".

‎مه‌سرور بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "پێویستە هێما نیشتمانییەکان فاکتەری بەهێزکردنی هەستی نیشتمانپەروەری بن و هاندەرمان بن، تاکو وێڕای هەموو جیاوازییەکان، لە خزمەتی نیشتماندا یەک بگرینەوە و بە یەکڕیزی و کۆکردنەوەی تواناکان بەرەو ئایندەیەکی پرشنگدار و پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو بنێین".

‎له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌ "دڵسۆزیی بۆ نیشتمان دەبێت لە کردەوەکانماندا ڕەنگ بداتەوە، بۆیە لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، هیوادارم هەموو لایەک کێشە و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن، تاکو پێکەوە دەسکەوتەکانمان پەرە پێ بدەین و هەڵەکان ڕاست کەینەوە و خزمەتێکی شایستەی گەل و نیشتمانمان بکەین".