فوئاد حوسێن: وادەی کۆتایی کۆنترۆڵکردنی چەک دیاریکراوە

 وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکوومەت رەشنووسی پلانی کۆنترۆڵکردنی چەکی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا ئامادەکردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بخرێتەڕوو. روونیکردەوە، سەرۆکوەزیران وادەی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە دیاریکردووە دەکەوێتە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو.

چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەنجوومەنی ئەتڵەسی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، میوانداریی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقی کرد، هاوکات دانیشتنێک بە ناونیشانی عێراق دوای 30ـی ئەیلوول. لەلایەن ڤیکتۆریا تایلۆر، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق و پڕۆژەی سووریا لەو ئەنجوومەنە بەڕێوەچوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دانیشتنەکەدا تیشک خراوەتە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە. هەروەها باس لە ئاسۆی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا، داهاتووی هاریکاریی ئەمنی و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کرا.

لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە ململانێکانی ناوچەکە، کاریگەریی سزاکانی سەر ئێران لەسەر عێراق، پەیوەندییە ئابوورییەکان و هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان تاوتوێ کران.

 وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، رەشنووسی پلانەکە کاتی دیاریکراوی بۆ جێبەجێکردن لەخۆدەگرێت. هاوکات گفتوگۆکە بابەتی ئاسایشی سنوورەکان، پێشهاتەکانی سووریا و لێکەوتەکانیان لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گرتەوە. لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا، دەرفەتەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق تاوتوێ کران، بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.