حزبی شیوعی: نەیارانی گەلەکەمان ئاستەنگ لە بەردەم یادی نەورۆزدا دادەنێن
لە خورماتوو رێگری لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز کرا
K24 – ههولێر:
حزبی شیوعیی کوردستان بە هۆی رێگریکردن لە یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز لە خورماتوو لە لایەن هێزە عێراقییەکانەوە، بەشداریکردنی لە جەژنی نەورۆز بایکۆت کرد.
لە بڵاوکراوەیەکدا، حزبی شیوعی کوردستان لەبارەی دۆخی خورماتوو رایگەیاندووە: "وەک دەزانن ئێستا لە هەر چوار بەشی کوردستاندا گەلەکەمان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئاهەنگگێڕان، کەچی لە شاری خورماتوودا جارێکی تر نەیارانی گەلەکەمان لە مپەر و ئاستەنگ لە بەردەم ئەم یادەدا دروست دەکەن".
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە: "داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین، بە ئەرکی خۆیان هەستن و ئەم بۆنە نەتەویی و نیشتمانییە نەبێتە رێگر لە بەردەم پێکەوەژیان لە شارەکەماندا"۰
لەبارەی بەشداریکردنیان لە ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز، حزبی شیوعی دەڵێت: " بڕیارمان وایە بەشداریی ئەم بۆنەیە نەکەین، ئهمهش بە هۆی ئەو کۆت و بەندانەی دەسەڵاتی ئێستای خورماتوو دایناون"۰
ئەم بڵاوکراوەیەی حزبی شیوعی لە کاتێکدایە، كه ئەمڕۆ چەکدارانی سەر بە حەشدی شەعبی، لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆز، تەقەیان لە چەند گەنجێکی خورماتوو کرد و رێگریان لە کردنەوەی یادەکە کرد.
H.J