لە عەفرین و دیاربەكر زیاتر لە 200 كورد دەستگیر كران
نەورۆز و یادكردنەوەی نەورۆز لە كوردان قەدەخە دەكرێت
K24 - ھەولێر
لە شاری دیاربەكری باكووری كوردستان، دوای جەژنی نەورۆز 110 ھاووڵاتی دەستگیر كران. لەلایەكی دیكەش بەھۆی چالاكییەكانی نەورۆز و ساڵیادی داگیركردنی عەفرین زیاتر لە 100 كەس لە عەفرین دەستگیر كران.
دوای ئاھەنگە جەماوەرییەكەی شاری دیاربەكری باكووری كوردستان، كە سەدان ھەزار ھاووڵاتی بەشدار بوون، پۆلیسی توركیا 110 كەسی دەستگیر كردووە و ئێستا ئەو كەسانە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
رۆژی 21/3/2019 ئاھەنگێكی گەورەی جەماوەری لە دیاربەكر ئەنجامدرا بە سەرپەرشتی ھاوپەیمانی كوردستانی كە لە ھەدەپە و پارتە كوردییەكانی دیكەی باكوور پێكدێت.
لەلایەكی دیكەوە، لە شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، لە ساڵیادی داگیركردنی شارەكە فشاری زیاتر خراوەتە سەر خەڵك و تا یەكەم رۆژی نەورۆز زیاتر لە 100 گەنجی كورد دەستگیر كراون.
چەكدارانی سەر بە سوپای ئازادی سووریا و سوپای توركیا ئاھەنگی نەورۆزیان لە عەفرین قەدەخە كردبوو، لە یەكەم رۆژی نەورۆزەوە چەكداران ھەڵمەتێكی ھەڵكوتانە سەر ماڵی ھاووڵاتییانی كوردیان دەستپێكردووە و ئەو كەسانەی كە ئاھەنگی نەورۆزیان ئەنجامداوە یان بەشدارییان تێدا كردووە دەیان رفێنن.
بە گوێرەی سەرچاوە نێوخۆییەكانی عەفرین بۆ كوردستان24، زیاتر لە 100 گەنجی كورد بەھۆی چالاكییەكانی ساڵیادی داگیركردنی عەفرین و ئاھەنگەكانی نەورۆز لە شارەكە رفێندراون.
ھ.م