به‌رداشی تیرۆر و گه‌نده‌ڵی مووسڵ ده‌هاڕێ
"تیرۆر و گه‌نده‌ڵی دوو رووی دراوێكن"

K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی داعش مووسڵی كرده پایته‌ختی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی له عێراق، وێرانی كرد ئه‌وكات جێیهێشت، به‌ڵام هاووڵاتیانی ئه‌و پارێزگایه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ی به‌ده‌ست حوكمی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه‌وه بینیان، قڵپبوونه‌وه‌ی به‌له‌مێك به سه‌دان كه‌سه‌وه و گیانله‌ده‌ستدانی نزیكه‌ی 120 كه‌سیان وایلێكردوون، نه‌توانن له رۆژی راگه‌یاندنی كۆتاییهاتنی داعش له دوا مۆڵگه‌یان له سووریا ئاهه‌نگ بگێڕن.
ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ناراوی رۆژهه‌ڵاتی فورات كه پێش پینج ساڵ داعش گه‌رای خۆی تێدا دانا، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) به پاڵپشتی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا كۆنترۆڵ كرایه‌وه. بۆمبی ئه‌و ترس و تۆقینه پوچه‌ڵكرایه‌وه كه رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ی درووست كردبوو.
به‌ڵام كاره‌ساتی نغرۆبوونی به‌له‌مه‌كه‌ی رووباری دیجله له پایته‌ختی پێشووی "خه‌لافه‌ت" دانیشتووانی سته‌مدیده‌ی مووسڵی له ئاهه‌نگ و خۆشی و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر وێرانكه‌ری شاره‌كه‌یان بێبه‌ش كرد.
گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 33 ساڵانی خه‌ڵكی مووسڵ ده‌ڵێت: "زۆر ئه‌سته‌مه دوای ئه‌و كۆسته بتوانین دڵخۆشی خۆمان ده‌ربڕین، له كاتێكدا سه‌دان ژن و منداڵ و گه‌نجمان به به‌رچاومانه‌وه نوقم بوون و خنكان".
له نزیك شوێنی قڵپبوونه‌وه‌ی به‌له‌مه‌كه، كه‌سوكاری خنكاو و بێسه‌رو شوێنه‌كان خێوه‌تیان هه‌ڵداوه‌و پرسه ده‌گێڕن، هێشتا پرۆسه‌ی گه‌ڕان و پشكنین به‌دوای ئه‌و كه‌سانه‌دا به‌رده‌وامه كه شوێنه‌وارێك له ته‌رمه‌كانیشیان نییه و ئاوی به خوڕی رووباره‌كه رایماڵین.
رووداوه‌كه رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو روویدا، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی كوردی خه‌ڵكی بۆ گه‌شت چووبوونه ئه‌و جه‌زیره گه‌شیارییه‌ی سه‌ر رووباری دیجله، چونكه ئه‌و رۆژه پشووی فه‌رمییه له عێراق. كاره‌ساته‌كه‌ش له كاتێكدا روویداوه هێشتا دوو ساڵ به‌سه‌ر رزگاركردنی پارێزگاكه له ده‌ست چه‌كدارانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه تێنه‌په‌ڕیوه، خه‌ڵكی ئه‌و پارێزگایه ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵ تاڵاوی زۆریان له ده‌ست حوكمی داعش چه‌شت. ھێشتا داروپه‌ردووی رووخاوی باڵه‌خانه و ده‌زگا و ژێرخانی ئه‌و شاره‌ی یه‌كێك بوو له ناوه‌نده بازرگانییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌سه‌ر یه‌كدا كه‌وتوون.
خه‌ڵكی شاره‌كه له مێژه تووڕه‌ن، هه‌ندێك بۆچوون هه‌ن كه په‌راوێزخستنی پارێزگاكه له رابردووش‌دا به‌هۆكارێك ده‌زانن كه داعش به ئاسانی كۆنترۆڵی كردووه، ئێستاش به‌هه‌مان شێوه تووڕه‌یی ئیستای خه‌ڵك بووه هۆی له‌سه‌ر كارلادانی پارێزگار و جێگره‌كانی، به‌ڵام خه‌ڵكی شاره‌كه داوای ئه‌وه ده‌كه‌ن بخرێنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی حوكم بكرێن و بێزاری خۆیان له‌و دۆخه كاره‌ساتباره‌ی پارێزگاكه به ئاشكرا له رێگه‌ی كوردستان 24 خسته‌ڕوو.
به‌شێك له هاووڵاتیانی دانیشتووی شاری مووسڵ، له رێگای "كوردستان24"ه‌وه په‌یامێكیان ئاراسته‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كرد. ئه‌وان داوایانكرد، "پارێزگاكه‌یان بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان".
له میانی لێدوانیان بۆ به‌رنامه‌ی "باسی رۆژ"ی كوردستان24، به‌شێك له هاووڵاتیانی دانیشتووی شاری مووسڵ رایانگه‌یاند، "شاره‌كه‌یان وێران بووه. خه‌ڵكه‌كه‌شی دابه‌ش بووه به‌سه‌ر سێ به‌شدا، به‌شێكیان كوژراون، به‌شێكیان ئاواره بوون و ئێستا به‌شێكیان له شاره‌كه ماونه‌ته‌وه".
ئه‌وان كه به كۆمه‌ڵ قسه‌یان بۆ "كوردستان24" ده‌كرد، جه‌ختیان كرده‌وه، ئه‌وان ماندووبوونه به ده‌ست ئیداره‌ی خراپی شاره‌كه‌یان و كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌تی به‌غدا.
هه‌روه‌ها گوتیان: "ئاسایش و ئارامیمان ده‌وێت. خزمه‌تگوزاریمان ده‌وێت. ئه‌وه داواكاری هه‌موومانه. ده‌مانه‌وێت مووسڵ بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. له ژێر سایه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا بژین. چونكه ئه‌وه ژیان نییه ئێمه‌ی تێدایه. رۆژێك به ناوی داعش و رۆژێكیش به ناوی تیرۆر ده‌مانچه‌وسێننه‌وه. هیچ پرۆژه‌یه‌ك له شاره‌كه‌مان نییه".
له‌گه‌ل بیستنی خنكانی ئه‌و هه‌موو ژن و منداڵ و گه‌نج و پیره‌ی شاره‌كه، تووڕه‌یی خه‌ڵكی ته‌قییه‌وه‌و داوای ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پارێزگاكه و لادانی به‌رپرسه گه‌نده‌ڵه‌كان ده‌كه‌ن و به‌شێكی زۆریشیان به ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێن "په‌راوێزخستنی مووسڵ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداوه به روونی و ئاشكرایی ده‌بینرێت".
هاووڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن 28 ساڵانی مووسڵ به‌ناوی عه‌مار عه‌بدولكه‌ریم ده‌ڵێت: "تیرۆر و گه‌نده‌ڵی" دوو رووی دراوێكن، پارێزگاكه‌ش به‌ده‌ست هه‌ر دووكیانه‌وه ده‌ناڵێنێ، سته‌می ژێر ده‌ستی داعشی دڕنده‌مان بینی، به‌ڵام په‌راوێزخستن و گه‌نده‌ڵی و به‌رده‌وامیی كاره‌ساته‌كانی پارێزگاكه وایكردووه، كاتێك كۆتایی داعش راده‌گه‌یێنرێ، هێز و توانای ده‌ربڕینی خۆشیمان نه‌مێنێ".
قڵپبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌له‌مه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا به دژوارترین رووداو و كاره‌سات داده‌نرێ له عێراق، پاش ئه‌وه‌ی به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش له 2014 و ساڵانی دوایی خه‌ڵكێكی زۆر به‌ده‌ستی داعش كوژران، نغرۆبوونی ئه‌و به‌له‌مه گه‌شتیارییه جه‌رگبڕترین رووداو بووه، چونكه رووداوی نقوومبوون له رووباره‌كاندا به‌و قه‌باره‌یه به ده‌گمه‌ن روویداوه، دواترین رووداوی نقوومبوون ساڵی 2013 بوو كاتێك به‌له‌مێكی تایبه‌ت به خواردنگه‌ی لوبنانی له به‌غدا نووقم بوو به‌هۆیه‌وه 5 كه‌س گیانیان له ده‌ستدابوو".
رووداوی دیكه‌ی كاره‌ساتبار هه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له مانگی ئابی ساڵی 2005 روویدا و كاتێك ده‌نگۆی بوونی خۆكووژ له‌ناو زیاره‌تكارانی مه‌زارگه‌ی ئیمام كازم له باكووری به‌غدا بڵاوبوویه‌وه، حه‌شاماته‌كه به‌سه‌ر یه‌كدا كه‌وتن و به‌و هۆیه‌وه 965 زیاره‌تكار بوون به‌ژێر ده‌ست و پێوه و گیانیان له ده‌ستدا، خه‌ڵكێكی زۆرتریش بریندار بوون.