"له 6 پارێزگای عێراق مه‌ترسی دروستبوونی لافاو هه‌یه"
ئه‌مشه‌و له هه‌رێمی كوردستان بارانبارین به‌رده‌وام ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
سادق عه‌تیه، پێشبینكاری گه‌وره له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌سره، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 1/4/2019 هۆشداری داوه كه له شه‌ش پارێزگای عێراق لافاو رووده‌دات و بارانێكی زۆر ده‌بارێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری بارانبارین له پارێزگاكانی دیكه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاست و هه‌رێمی كوردستانیش له ئارادایه".
عه‌تیه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه: "هه‌ور سه‌رجه‌م شاره‌كانی باشوور و ناوچه‌كانی فوراتی ناوه‌ڕاست و ئه‌نبار و دهۆكیش داده‌پۆشێت، هه‌وره چڕه‌كه له‌سه‌ر پارێزگای میسانه‌وه به‌ره‌و واست ده‌ڕوات".
هه‌روه‌ها پێشبینیی كردووه، تا نیوه‌ڕۆ بارانبارین له به‌سره و زیقار كۆتایی بێت، به‌ڵام له هه‌موو شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و فوراتی ناوه‌ڕاست به به‌غداشه‌وه تا پاشنیوه‌ڕۆ به‌رده‌وام بێت و له چه‌ند شارێكی دیكه‌ی وه‌ك نه‌جه‌ف و دیوانه زیاتر به‌رده‌وام بێت".
له كۆتاییدا ده‌ڵێت: "رۆژی سێشه‌ممه ئه‌گه‌ری بارانبارین كه‌م ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له میسان و واست ئه‌گه‌ری درووستبوونی لافاو هه‌یه، له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌مشه‌و ئه‌گه‌ری زۆره بارانی به لێزمه ببارێت".