ئەمەریکا دژی تورکیا هەنگاوێکی نا
لە کڕینی سیستمی ئێس-400 لە لایەن تورکیاوە نیگەرانە
K24 – ههولێر:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پرۆسەی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35ی بە تورکیا راگرت.
واشنتن لە بڕیاری تورکیا بۆ کڕینی سیستمی بەرگری مووشەکی رووسیا نیگەرانە و یەکەم جارە هەنگاوێکی کرداری لەو جۆر دژی هاوپەیماناکەی ناتۆی دەهاوێژێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمەریکا بە بەرپرسانی تورکیایان گوتووە، چیدیکە ئەو کەلوپەلانە وەرناگرن لە کاتی گەیشتنی فڕۆکەکە بۆ تورکیا پێویست دەبن، واتە ناتوانن فڕۆکەکە وەربگرن تاکو ئەو کەلوپەلانە لە پێشدا نەگەنە تورکیا.
کۆڵێنێڵ مایک ئاندریو، فەرماندە لە یەکەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە: "بەهۆی سووربونی تورکیا لە کڕینی سیستمی ئێس-400، پرۆسەی ناردنی فڕۆکەی ئێف-35 بۆ تورکیا راگیراوە".
تورکیا جیا لەم سیستمە رووسییە چەندین کێشەی دیکەی لەگەڵ واشنتن هەیە، ئەوانیش، رادەستنەکردنی فەتحوڵا گویلەن، سیاسەتی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا بەتایبەتی و سزاکانی سەر ئێران.
H.J