14مين پێشانگای كتێب له هه‌ولێر به سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان 24 ده‌كرێته‌وه
300 ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه به‌شدارییان كردووه
K24- هه‌ولێر:
بڕیاره 3ی ئه‌م مانگه 14مین پێشانگه‌ی كتێب له هه‌ولێری پایته‌خت به سپۆنسه‌ریی میدیایی كوردستان 24 بكرێته‌وه. له‌و پێشانگه‌یه‌دا 300 ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه له هه‌رێمی كوردستان و 21 وڵاتی جیاوازه‌وه به‌رهه‌مه‌كانیان نمایش ده‌كه‌ن و ماوه‌ی 11 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت. یه‌ك ملیۆن ناونیشان له هه‌موو بابه‌ت و بوارێكه‌وه ده‌خرێنه به‌رده‌ستی خوێنه‌ران، ده‌یان ده‌زگای چاپیش به‌هۆی نه‌بوونی جێگه‌وه، ناتوانن به‌شداری له پێشانگاكه‌دا بكه‌ن.
ههردر عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی ئه‌و پێشانگایه ده‌ڵێت: "رۆژانه له پێشانگهكهدا چه‌ندین چالاكی له لایه‌ن رۆشنبیر و ئه‌كادیمی و نووسه‌رانی بیانی و ناوخۆییه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن. هۆڵه‌كه پڕ بووه له ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پێشانگهیانهیه، كه ساڵانه له شاری هه‌ولێر ده‌كرێنه‌وه".
زۆر له‌و ده‌زگایانه‌ی كه له پێشانگه‌كانی ساڵانی رابردووش‌دا به‌شدارییان كردبوو، ئه‌مساڵیش به‌شدارن، ئه‌حمه‌د كهلهفانیش یه‌كێكه له خاوه‌ن ده‌زگای چاپ و بلاوكراوه‌كان، كه له وڵاتی لوبنانه‌وه هاتووه به‌شداری له پێشانگهكهدا بكات، ده‌ڵێت: "من به خوێنه‌ری كورد سه‌رسامم، به‌وه‌ی هاووڵاتیانی كوردستان خولیایه‌كی باشیان بۆ خوێندنه‌وه به زمانه‌كانی دیكه هه‌یه".
ساڵانه سه‌دان هه‌زار ناونیشانى په‌رتووكى جۆراوجۆر و بوارى جیاواز له سه‌ر ئاستی جیهان، له پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كتێب له هه‌ولێر نماییش ده‌كرێن، بۆ ئه‌مساڵیش به سپۆنسه‌ریی میدیایى كوردستان 24، چوارده‌مین پێشانگه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
H.B