داوا لە حكوومەت دەكرێت وەرگرتنەوەی پێشنیەكان دوا بخات

حكوومه‌ت به‌شێكی پێشینه‌كان له‌ هاووڵاتییان وه‌رده‌گرێته‌وه‌

K24 - ھەولێر

وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕیارێك وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌ستیكردووه‌ به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه‌كانی خانووبه‌ره‌ و هاوسه‌رگیری و قه‌رزی بچووك، له‌و هاووڵاتیانه‌ی فه‌رمانبه‌ری حكوومه‌ت نین، به‌ڵام بۆ وه‌گرتنه‌وه‌ی پێشینه‌كان له‌ فه‌رمانبه‌ران هیچ بڕیارێكی نه‌داوه‌.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بۆ كوردستان24 ده‌ڵێ "داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، وەرگرتنەوەی پێشینەكان لانی كه‌م بۆ ساڵێکی دیكە دوابخات، تا بارودۆخی ئابووری هاووڵاتیان به‌ گشتی ده‌چێته‌ قۆناخێكی باشتر".

حکوومەتی ھەرێمی كوردستان چوار ساڵ، پێدان و وەرگرتنەوەی پێشینەکانی، بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش راگرت، بەڵام دوای نەمانی پاشەکەوت وەزارەتی دارایی دەستی بە وەرگرتنەوەی پێشینەکان کردووە، کە بریتیە لە پێشینەی خانووبەرە و ھاوسەرگیری و قەرزی بچووک، تا ئێستا تەنھا پێشینەکان لە ھاوڵاتیان وەردەگیرێتەوە و فەرمانبەرانی نەگرتووەتەوە، جگە لەو فەرمانبەرانە نەبێت کە لە بری وەرگتنی پێشینە بوونەتە کەفیلی ھاووڵاتیان.

ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی، یاداشتیان داوەتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی وەرگرتنەوەی ھەموو جۆرە پێشینەیەک لە ھاووڵاتیان رابگیرێت، پێشنیاریشیان کردووە، راگرتنی وەرگرتنەوەکە ماوەکەی لە ساڵێک زیاتر بێت، چونکە پێیان وایە دوای ساڵێکی دیکە بارودۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان باشتر دەبێت.

وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی كوردسان، بۆ راگرتنی وەرگرتنەوەی پێشینەکان، نووسراوی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی پێویستیان بەدەست نەگەیشتووە، وەک خۆشیان دەیڵێن، پێویستە وەرگرتنەوەی پێشینەکان ھاوشێوەی پێدانی پێشینە، مەرج و رێنمایی تایبەتی بۆ دەربکرێت.

ھ.م