لە یەك ساڵدا 18 رۆژنامەنووس لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەستبەسەر كراون
ههتا ئێستا بە ژمارە دیار نیە چەند رۆژنامە لە رۆژھەڵاتی كوردستان ھەن
K24 – ههولێر:
لە یەك ساڵی رابردوودا 18 رۆژنامەنووس لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەستبەسەركراون، ژمارهیهكیشیان بە بەندكردن و لێدانی قامچی سزادراون، ئەوە لەكاتێكدایە كە بڕیاربوو لە رۆژی رۆژنامەگەری كوردیی كۆنفرانسی میدیا كوردییەكان لە سنە بەڕێوەبچێت، كە ئەویش بە پاساوی ھاتنی سەرۆك كۆماری ئێران، حهسهن رووحانی، بۆ ئەو شارە دواخرا.
ههتا ئێستا بە ژمارە دیار نیە چەند رۆژنامە لە رۆژھەڵاتی كوردستان ھەن، ئەگەرچی سنە، كرماشان، ئیلام و مەھاباد كەناڵی ناوخۆیی تهلهڤزیۆنیان بەزمانی كوردی ھەیە و لە چەند ساڵی رابردوودا رێگە بەدەرچوونی رۆژنامە، ھەفتەنامە و گۆڤاری كوردیش دراوە، بەڵام لە ئێران بەگشتی و لەرۆژھەڵاتی كوردستان بەتایبەت راگەیاندنەكان لەژێر چاودێری چڕی دەزگا پەیوەندیدارەكاندان، باسی سیاسی نابێت بكرێت، ھێڵ و سنووری زۆریش بۆ باسەكانی دیكە ھەن.
یەكێك لە بەڵێنەكانی سەرۆك كۆماری ئێستای ئێران ئەوە بوو كە كار بۆ بیروڕای ئازاد بكات، بەڵام بەپێی دوا ئاماری ماڵپەڕی ھەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی كوردستان لە یەكساڵی رابردوودا 18 رۆژنامەنووس و چالاكی میدیایی لەرۆژھەڵاتی كوردستان دەستبەسەر كراون، لەو ژمارهیه 10 كەسیان سزای بەندكردن و پێبژاردن و تەنانەت لێدانی قامچیان بەسەردا سەپێندراوه.
جگە لە رێگرییەكانی دهسهڵات ئێستا گرانی نرخ بەرۆكی رۆژنامەنووسی كوردیی لە رۆژھەڵات گرتووە، زیادبوونی تێچووی چاپ و نەبوونی كڕیار بەھۆی ئەنتەرنێت دۆخەكەی خراپتریش كردووە.