كۆنفڕانسی لالش هۆكار و چاره‌سه‌ره‌كانی نه‌مانی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی تاوتوێ ده‌كات

به‌ سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان 24 سبه‌ی له‌ هه‌ولێر چواره‌م كۆنفڕانسی لالش به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

K24 - هه‌ولێر:

بڕیاره‌ سبه‌ی چوارشه‌ممه‌، 24ی نیسان/ ئه‌پریلی 2019، چواره‌مین كۆنفڕانسی لالش، به‌ سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان 24، له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵڵا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ بچێت، كه‌ ماوه‌ی دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت.

تانیا گلی، یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانی كۆنفڕانسه‌كه‌ رایگه‌یاند، سه‌ره‌تا كۆنفڕانسه‌كه‌ به‌ ناوی لالش نه‌بوو، به‌ڵام یه‌كه‌م كۆنفڕانس 4 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، كه‌ هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر شنگال و ئێزدییه‌كان، بۆیه‌ ناوی كۆنفڕانسه‌كه‌یان ناوه‌ لالش.

روونیشی كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ شنگال و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق روویان دا، هۆكاری نه‌بوونی ئاشته‌واییه‌، بۆیه‌ له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا كار له‌سه‌ر هۆكاره‌كان و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ ده‌كرێت، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی تێكدانی پێكه‌وه‌ژیان و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی.

له یه‌كه‌م پانێڵی‌ چواره‌مین كۆنفڕانسی لالشدا، باوردۆخی یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تیی دایكان و ئه‌و منداڵانه‌ باس ده‌كرێت، كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستدرێژیی سێكسی له‌دایكبوونه‌.

له‌ پانێلی دووه‌مدا هۆكاری كۆچكردن، به‌تایبه‌تی له‌ نێو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاییینه‌كان بۆ زامنكردنی ژیانێكی ئارام، ده‌خرێته‌ڕوو.

له‌ پانێلی سێیه‌میشدا، باس له‌ ریفۆرمی بونیادنانی ئاشتی و كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕ و ململانێكان ده‌كرێت، پانێلی چواره‌م و كۆتایی رۆژی یه‌كه‌م كۆنفڕانسه‌كه‌، تایبه‌ت ده‌بێت به‌ دیدگا بۆ دوارۆژ و دیدی لاوان بۆ پێكه‌وه‌ژیان تاوتوێ ده‌كرێت.

رۆژی دووه‌می كۆنفڕانسه‌كه‌ش، چه‌ند چالاكییه‌كی جیاواز و جۆراوجۆر ساز ده‌كرێن، كه‌ خۆیان له‌ چه‌ند وۆركشۆپێكی جیاوازدا ده‌بیننه‌وه‌.

به‌رنامه‌ی كاری دوو رۆژی كۆنفرانسه‌كه‌:

ئ. م