مام ئەحمەد 25 ساڵه‌ وه‌كو خۆبه‌خش خزمه‌تی گۆڕستانی شه‌هیدانی قه‌ڵادزێ ده‌كات

45 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ له‌ بۆردوومانێكی فڕۆكه‌كانی به‌عس ده‌یان مامۆستا و قوتابی و هاووڵاتی قه‌ڵادزێ شه‌هید بوون

K24 - قه‌ڵادزێ:

45 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، فڕۆکەکانی ئەوسای رژێمی بەعس، زانکۆی سلێمانیان لە قەڵادزێ بۆردوومان کرد، لەو بۆردوومانەدا دەیان قوتابی زانکۆ و مامۆستا و ھاووڵاتی مەدەنی شەھید و بریندار بوون.

ئەحمەد ئەسعەد، ھاووڵاتیيەکی شاری قەڵادزێیە، باس لە رووداوەکانی ڕۆژی بۆردوومانەکە و به‌ خاكسپاردنی شەھیدەکان دەکات، ئەو کە چەندین ساڵە خۆبەخشانە خزمەتی گۆڕستانی گەورەی قەڵادزێ دەکات دەڵێت : "زۆربەی تەرمی شەھیدەکانی ئەو بۆردوومانە سێ سێ و چوار چوار لە گۆڕێکدا به‌خاك سپێردراون".

به‌ جۆرێک رووداوەکانی 45 ساڵ لەمەوبەری لەبیرە، وەك ئەوەی تازە لە پێش چاوی روویان دابێ، بۆردوومانی زانکۆی قەڵادزێ لە 24/4/1974، کە تیایدا دەیان قوتابی زانکۆ شەھید و بریندار بوون و چەندین خێزان ھیچ کەسێکیان نەمایەوە. ئەو کە ئەوسا زۆرینەی شەھیدەکانی بە دەستی خۆی خستوونه‌ته‌ ناو گۆڕ، ئێستاش دەیان ساڵە خزمەتی گۆڕەکانیان دەکات.

مام ئەحمەد لەو رۆژەدا جگە له‌ به‌خاكسپاردنی شەھیدەکان، چەندین برینداریشی به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دەرباز کردووە.

بۆردوومانەکە بە جۆرێک تۆقێنەر بووە ، تەرمی بەشێک لە شەھیدەکان بە ئەستەم ناسراونەتەوە ، مام ئەحمەد دەڵێت تەرمی ھەندێکیان بە جۆرێک شێواو بووە، سێ سێ و چوار چوار خستوویاننەتە گۆڕەوە .

ئەو دەڵێت : "گۆڕستانەکەم پێ لەھەر جێگایەکی ئەو شارە خۆشترە ھەر بۆیە 25 ساڵە بێ بەرامبەر و خۆبەخشانە، خزمەتی گۆڕەکان و ھاوکاریی ئەو کەسانە دەکه‌م کە ئازیزێکیان لە گۆڕستانی گەورەی قەڵادزێ دەنێژن".

Fly Erbil Advertisment