پیاوێك زیاتر لە 70 ساڵە نان بە بەرد پەیدا دەكات

حاجی كەریم 30 نەوەی خۆی فێری بەردتاشی دەكات

K24 - سلێمانی

یەکێکە لە نەقاڕە ھەرە کۆنە تاشە بەردەکانی دەوربەری سلێمانی، تا ئێستا زیاتر لە 30 نەوەی خۆی ھێناوەتە ناو پیشەکە و رۆژ تائێوارە تاشە بەردەکان بە ماندوو بوونێکی زۆر نەقاڕ دەکەن.

حاجی کەریم، رۆژ تا ئێوارە چەکوشێک لەنێو لەپی دەستە لەرزۆکەکانییەتی و نەقاڕی تاشە بەردەکان دەکات. چاوەکانی روویان لەکزبوونکردووە و ئەژنۆکانی ھێزی جارانیان لەبەر بڕاوە، بەڵام ئەو ھێشتا دەست بەرداری پیشە حەفتا ساڵانەکەی نەبووە.

حاجی کەریم رەشید، یەكێكە لە نەقارە دیرینەكانی سلێمانی بەشداربووە لە زۆرێك لە بینا و پڕۆژە گەورەكانی سنووری سلێمانی ئەو بە كوردستان24 گوت: "كاتێك بەنداوی دوكان دروستكرا لەوێ نەقاڕیم كردووە، ھەروەھا بۆ بیناكانی سەرچنار بەردی بە 4 فلس دروستمان دەكرد، بەڵام ئەو كاتە زۆر ئاسوودە بووین".

دەشڵێت: "راستە كارەكەمان ماندوو بوونی زۆرە، بەڵام خۆشییەكەی ئەوەیە كە سەربەستین و كاری خۆمان دەكەین و باشیەكەشی ئەوەیە توانیومانە بەو پیشەیە بژین".

زیاتر لە 30 نەوەی ھاتوونەتە ناو پیشەی نەقاڕکردنی بەرد، ناو بەناوە حاجی کەریمیش بەسەریان دەکاتەوە، تا بەھەرەوەزی کارە قورسەکان ئەنجام بدەن.

ھ.م