حكوومەت شۆفێری تاكسی لە فەرمانبەران قەدەغە دەكات

رەنگ و تابلۆی تاکسییەکان لە ھەر شارێک بۆ شارێکی دیکە جیا دەکرێنەوە

K24 - سلێمانی

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە كاری شۆفێریی تاكسی لە فەرمانبەران قەدەغە بكات، ئەو بڕیارەش دەچێتە بواری جێبەجێكردن و بەڵێننامەش بە فەرمانبەران پڕ دەكرێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، دوای وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، لە چەند وەزارەتێكی دیكە، فۆڕمێك وەك بەڵێننامە بە فەرمانبەران پڕ كراوەتەوە، كە نابێت بە ھیچ شێوەیەك ببنە شۆفێری تاكسی.

ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی کاری تاکسی چەند بڕیار و رێنماییەکی دەرکرد، بە گوێرەی بڕیارەکە، کارکردنی شۆفێری تاکسی لە فەرمانبەرانی حکوومەت قەدەغە کرا و ژمارەیەک لە وەزارەتەکانیش ھەنگاویان بەو ئاراستەیە ناوە.

بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڕیاری قەدەغەکردنی کاری تاکسی لە فەرمانبەران، بە تایبەت ھێزەکانی ناوخۆ، لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، ھاوکات لە ھەنگاوێکی دیکەی حکوومەتدا رەنگ و تابلۆی تاکسییەکان لە ھەر شارێک بۆ شارێکی دیکە جیا دەکرێنەوە.

ھاوكات لە سلێمانی ھێڵەکانی تاکسی لەناو شار و دەرەوەی شار بە چەند قۆناغێک رێک دەخرێنەوە و بە شێوەیەک كه‌ بەپێی ژمارەی تاکسییەکان بەسەر وێستگەکاندا دابەش دەکرێن، لە ئەگەری فراوانکردنی وێستگەکانی تاکسیش، تیروپشک بۆ ھێڵەکان دەکرێت.

ھ.م

Fly Erbil Advertisment