ژمارەیەك ھاووڵاتی لە سلێمانی داوای پارەكەیان لە بانكی خانووبەرە دەكەنەوە

بۆ قەرەبوو كردنەوەیان داوایەك ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە

K24 - سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خانووبەرەی پارێزگای سلێمانی، لە بەرانبەر مامەڵەی پێدانی پێشینەی خانووبەرە بە ھاووڵاتییان، بڕی 300 ھەزار دیناری لە ھەر ھاووڵاتییەک وەرگرتووە، کەچی ئەو ھاووڵاتییانە تائێستا نە لە پێشینەکە سوودمەند بوونە و نە پارەکەیشیان بۆ دەگەڕینرێتەوە. ھاووڵاتیانیش داوا دەکەن  حکوومەتی ھەرێمی  کوردستان یان پارەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە یان پرۆسەی  پێشینەی  خانووبەرە  دووبارە دەست  پێبکاتەوە.

لە سنووری  پارێزگای  سلێمانی  خانوو لە چەندین  گوند و گەڕەك تاکو  ئێستا  تاپۆ نەکراون، ئەمەش وایکردووە  دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە بێبەش بن لە وەرگرتنی  پێشینەی خانووبەرە، لە ھەمانکاتدا نزیکەی  500 ھاووڵاتی ماوەی  چەند ساڵێکە مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانوویان ئەنجامداوە بۆ دروستکردنی  خانوو، بەڵام تاکو ئێستا لە چاوەڕوانی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەن.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە رێگەی  ئەنجوومەنەکەوە یاداشتێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو  ھاووڵاتیانەی مامەڵەی  پێشینەی خانوو،ھاوسەگیری، پڕۆژەی  بچووک کردووە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، تاکو حكوومەت بە تێپەڕبوونی قەیرانە داراییەکان دەست بەجێ بەجێکردنەوەی پێدانی  پێشینەکان بە ھاووڵاتیان بکاتەوە.

ھ.م