كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی مووسڵ له لێواری ته‌قینه‌وه‌دان
"كڕین و فرۆشتن به‌پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا ده‌كرێت"
K24- به‌غدا:
لە ژێر فشاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی نەینەوا، دەنگدان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دواخرا، پەرلەمانتارێکیش ئاشکرای دەکات, بە ھۆی ململانێ و کڕین و فرۆشتن بە پۆستی پارێزگاری نەینەوا، بەشێك لە ھێزە سوونیەکان دەیانه‌وێت ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ھەڵبوەشێننەوە.
ھەرچەندە بە ئیمزای ١٨٠ پەرلەمانتار پرسی دەنگدان بۆ ھەڵوه‌شاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا خرایە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نۆێنەرانی عێراق، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بە ھۆی مەترسیەکانی ئەو بڕیارە، فراکسیۆنە کوردیەکان و ژمارەیەك پەرلەمانتاری نەینەو و کوتلەی بەدر ھەڕەشەی شکاندنی رێژەی یاسایی دانشتنی پەرلەمانیان کرد، سەرۆکی پەرلەمانیش بە ناچاری بڕگەی دەنگدانی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای دواخست.
له‌مباره‌یه‌وه محەمەد مووسەوی، پەرلەمانتاری کوتلەی بەدر له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ كوردستان 24 ده‌ڵێت: "حكوومه‌تی خۆجێیی نه‌ماوه بۆ لابردنی پارێزگار، جیا له‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌نیش هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه، ئه‌وكاته هیچ جێگره‌وه‌یه‌ك نابێت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه".
له به‌رامبه‌ریشدا شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه، "سێ ھێزی سوونی سەرەکی لە دەرەوەی موسڵ ململانێ و کرین و فرۆشتن بە پۆستی پارێزگای نەینەوا دەکەن".
ئاشكراش ده‌كات، "لایەن ھەیە تەنھا بۆ بەدەست ھێنانی ئەو پۆستە ھەشت ملیۆن دۆلاری بە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا داوە ، ئێستاش کە بۆی دەرکەوتوە ناتوانن ئەو پۆستە وەرگرن دەیانەوێ ئەنجوومەنەکە ھەڵبووەشێننەوە".
دوای دوورخستنه‌وه‌ی پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەکەی بە ھۆی نقومبوونی قەیغانەکەی مووسڵ و چەند کەیسێکی گەندەڵی، نزیکەی یەك مانگە ئەو پۆستە بێ پارێزگار ماوەتەوە, به‌شێك له ھێزه سوونییه‌كانیش دەیانەوێت لە رێگای ھەڵوەشاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەو پۆستە لە بەرژەوەندی خۆیان پڕبکەنەوە، ئەمەش لە لایەن فراکسیۆنە کوردیەکان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان رەتکراوەیە، چونکە لە کۆی ٣٩ ئەندام ١٣ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەر بە پارتین.
H.B