"له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا توركیا ئۆپه‌راسیۆنێك له دژی یه‌په‌گه ده‌ستپێده‌كات"
تۆپباران ده‌ستی پێكردووه
K24- هه‌ولێر:
گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی توندڕه‌وی چه‌كداریی سووریا، كه فه‌رمان له ئه‌نقه‌ره وه‌رده‌گرن، به هاوكاری سوپای توركیا گوندی "مه‌ره‌عناز"ـی كوردی‌یان له سنووری پارێزگای حه‌له‌بی باكووری سووریایان داگیركرد، هاوكات باس له ئاماده‌كاری بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا له لایه‌ن سوپای توركیا و ئه‌و گروپانه‌ی ئۆپۆزسیۆن له دژی هێزه كوردییه‌كان له ناوچه‌ی ته‌ل ره‌فعه‌ت ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی "روسیا الیوم"، سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له یه‌كێك له‌و گروپانه كه ناوی له‌خۆ ناوه "سوپای نیشتیمانی سووریا" رایگه‌یاندووه، گروپه‌كه‌یان به هاوكاری سوپای توركیا ئاماده‌كاری بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌ش له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا له دژی هێزه كوردییه‌كان ده‌كات، به تایبه‌ت له دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئاشكراشیكرد، بڕیاره‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له له‌نێوان لانی توركی و گروپه‌كانیان ده‌ركراوه، كه به‌ر له ماوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌نجامیانداوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه ئاشكرا بكات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "وه‌ك ده‌ستپێكێك بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كرده سه‌ربازییه، سوپای توركیا و گروپه‌كانی "سوپای ئازاد" ده‌ستیان به تۆپبارانكردنی پێگه‌كانی هێزه كوردییه‌كان له ته‌ل ره‌فغه‌ت كردووه".
هه‌روه‌ك گوتیشی: "ئێستا ده‌ست به لابردنی ئه‌و به‌ربه‌ست و ساترانه كراوه، كه پێگه‌كانی گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری و سوپای توركیا له پێگه‌كانی هێزه كوردییه‌كان جیا ده‌كاته‌وه".
H.B