سۆشیال میدیا بە ھۆكاری بەلاڕێدابردنی رووداوەكان دادەندرێت

کاریگەری سۆشیال میدیا لەسەر کۆمەڵگە

K24 - سلێمانی

رۆڵی میدیا لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە ئێستا پێچەوانەوە بووەتەوە سۆشیال میدیا بووەتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و زانیارییەکان و بەبێ گوێدانە بەھا کۆمەڵایەتییەکان و لادانی ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە تاوان و دادگاوە ھەیە و بڕیاردان پێش پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار، ئەمەش ئەركی میدیایە كە ھەڵەكانی سۆشیال میدیا راست بكاتەوە.

رۆژ بە رۆژ دەزگای راگەیاندنی زیاتر لە ھەرێمی كوردستان دەكرێنەوە. میدیا رۆڵی گرنگ و كاریگەری لە پێدانی ھەواڵ و زانیاری و ئاشناكردنی ھاووڵاتییان بە ئەرك و مافەكانیان، بەڵام بە گوتەی ھەندێك لە میدیاكاران بەشێك لە حزبەكان كاریگەریان لەسەر ئاراستەكردنی كەناڵەكانی راگەیاندن ھەبووە و زۆرجار میدیا كەوتووەتە ژێر كاریگەری حزبەكان ئەمەش كاریگەری نەرێنی ھەبووە بۆ كاری میدیایی.

ئەیوب رەزا، یەكێكە لە راگەیاندنكارەكانی كوردستان لە سنووری سلێمانی ئەو دەڵێ: "كاتێك ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی كوردستان دروستبوو، میدیایەكی بۆ خۆی فەراھەم كرد، ئەو میدیایە بە زمانێكی زبر ئاراستەی رووداوەكانی دەكرد، یان كۆمەڵێك میدیا بەناوی "سەربەخۆ" دروستبوون، كە لە راستیدا میدیای سەربەخۆ نییە، ئەو رۆڵەی ئەوان بینیان رۆڵێكی مەترسیدارە".

گوتیشی: "ئەوانەی بەناوی میدیای سەربەخۆ و ئۆپۆزسیۆن دامەزران، ھەرچەند بانگەشەی سەربەخۆیی خۆیان بكەن، ئەوانیش ئاراستە كراون و بەپێی بەرنامە و سیاسەتێك دەچنە رێوە، ئەمەش وایكرد نیفاقێكی كۆمەڵایەتی دروست بێت، كە ئەمەش یەكێكە لە مەترسیدارترین ئاكارەكانی رۆڵی میدیایی و ئۆپۆزسیۆن بوون".

ھەرچەندە لە چەندین زانكۆ و پەیمانگە بەشی راگەیاندن كراونەتەوە سەرەڕای چەندین دامەزراوەی میدیایی و پەیمانگای رۆژنامەوانی، بەڵام شارەزایانی بواری میدیا سۆشیال میدیا بەھۆكاری تێكدانی بەھا كۆمەڵایەتی و بەلاڕێدابردنی رووداوەكان ناودەبەن و دەڵێن، زۆرجار میدیا جیاواز لە ئەركی خۆی لە راستكردنەوەی پرسەكان بووەتە میدیاییەكی ئاراستەكراو.

بەرھەم خالید، شارەزا لە بواری راگەیاندن بە كوردستان24ی گوت: "زۆرجار بینیومانە ئەو ھەواڵانەی پەیوەندی بە تاوان و دادگاوە ھەیە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زاڵتر بوونە بۆ ئەوەی ئاراستەی لێكۆڵینەوەكان بە ئاراستەیەكی دیكە بەرن و سەریان لە میدیاكانی دیكە و پۆلیس شێواندووە، بۆیە ئەركی میدیا راستكردنەوەی ئەو خواریانەیە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شەقام ئاراستە دەكرێت".

 ھ.م

Fly Erbil Advertisment