دیاله‌.. حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیاكان ته‌نگیان به‌ كورد هه‌ڵچنیوه‌

تەعریبكردن لە ناوچەكە بە پڕۆسەیه‌كی رێكخراو ئەنجام دەدرێت

K24 – گه‌رمیان:

دوای نەمانی دەسەڵاتی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، لە سنووری پارێزگای دیالە رۆژ بە رۆژ گرووپە چەكدارەكان و حەشدی شەعبی، ھەڕەشە لە خێزانە كوردەكان دەكەن و به‌م هۆیه‌وه‌ بەشێكی زۆریان ناوچەكانیان جێ ھێشتووە، بە گوتەی ھاووڵاتییان، تەعریبكردن لە ناوچەكە بە پڕۆسەیه‌كی رێكخراو ئەنجام دەدرێت.

ئەگەرچی لە دوای 2003 ه‌وه‌ ئەو خێزانە کوردانەی بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە لە لایەن رژێمی ئەو كاتەی سەدام حوسێنەوە ئاوارە کرابوون و زەوی و ماڵ و موڵکیان داگیر کرابوو، دوای رووخاندنی رژێمی بەعس گەڕابوونەوە ناوچەکانی خۆیان و لە یەکەم ھەڵبژاردنی عێراقی دوای سەدامدا، بەشداریی پرۆسەی دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەیان کرد و حزبە کوردستانییەکان بوون بە خاوەنی حەوت کورسیی ئەنجومەنەکە، بەڵام دوای سەرھەڵدانی گرووپە تیرۆیستییەكانی قاعیدە و ھاوشێوەکانی و بەھێزبوونی حکوومەتی عێراق، دواتریش ھاتنی داعش و حەشدی شەعبی، دیسان شاڵاوی تەعریبکردن رووبەڕووی ھاووڵاتییانی كورد بووەتەوە.

لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەریشه‌وه‌ زیاتر لە 20 گوند لە سنووری خانەقین چۆڵ کراون و رێژەی کوردیش لە شارەدێکانی جه‌له‌ولا و مەندەلی و سەعدیە کەم بووەتەوە بۆ لە %5 و بە به‌رنامه‌ زەوی و ماڵی كورد لە ناوچەكە داگیر دەكرێت.