زانكۆیه‌ك ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ رووخاندنى حكوومه‌ته بیانییه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه
راپۆرته‌كه ته‌واوی پلان و هه‌نگاوه‌كان به وردی باس ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
زانكۆی فه‌رمی سه‌ر به هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا له راپۆرتێكدا ورده‌كاری ده‌ستوه‌ردانه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری وڵاته‌كه‌ی "پنتاگۆن" له ده‌یان وڵاتی جیهان له‌ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا ده‌خاته روو.
ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه كه له 250 لاپه‌ڕه پێكهاتووه و هه‌ڵگری ناوی "پشتگیریكردنی ئۆپۆزسیۆن: ئامانجی ستراتیژی و كارامه‌یی"ـه و، له‌لایه‌ن زانكۆی فه‌رمانده‌یی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه تایبه‌ته‌كانه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئامانج لێی دیراسه‌كردنێكی باشتره بۆ شێوازه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له ئێستا و داهاتوودا.
ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه تێڕوانینی ئه‌و راپۆرته ته‌نیا ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی "ویل ئیرۆین"، نووسه‌ری راپۆرته‌كه‌یه، كه یه‌كێكه له جه‌نگاوه‌ره دێرینه‌كانی هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌كاتێكدا ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه وێنه‌یه‌كی ته‌واوی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌وڵه‌كانی فشارخستنه سه‌ر حكوومه‌ته بیانییه‌كان و رووخاندنیان نیشان ده‌دات.
راپۆرته ئه‌مه‌ریكییه‌كه پشت به 47 پرۆسه‌ی سه‌ربازی تایبه‌ت ده‌به‌ستێت، كه له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1941 تا 2003 ئه‌نجامدراون، له‌وانه‌ش پشتیوانی واشنتن بۆ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له سه‌رده‌می جه‌نگی سارد و پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌فغانستان و عێراق دوای رووداوه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2001، به‌ڵام باس له هیچ كامێك له‌و كوده‌تایانه ناكات كه ئه‌مه‌ریكا ده‌ستێكی باڵای له‌پشتیانه‌وه هه‌بووه.
راپۆرته‌كه حاڵه‌تی كرده سه‌ربازییه‌كانی به‌سه‌ر سێ به‌شی سه‌ره‌كیدا دابه‌ش كردووه، ئه‌وانیش: "په‌كخستن" و "ناچاركردن" و "گۆڕینی رژێم"، له‌ناویان 23 حاڵه‌تی سه‌ركه‌وتوو و 20ی شكستخواردوو هه‌ن.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، دوای "ناچاركردن" باشترین شێواز پشتیوانیكردنی ئۆپۆزسیۆنه و دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌و حاڵه‌تانه سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه، كه په‌نایان بۆ ئه‌و شێوازه بردووه، له‌كاتێكدا له شێوازی "روخاندنی حكوومه‌ت" ته‌نیا سێیه‌كی حاڵه‌ته‌كان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه.
راپۆرته‌كه ئاماژه به رێژه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان ده‌كات و ئاشكرای ده‌كات، ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان كه له‌كاتی جه‌نگ تۆماركرداون، دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ن كه له كاتی ئاشتیدا ئه‌نجامدراون، دووپاتیش ده‌كاته‌وه، پشتگیریكردنی ئۆپۆزسیۆنی ئاشتیخواز باشتره له یارمه‌تیدانی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری، كه ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا پشتیوانیكردنێكی راسته‌وخۆیه بۆ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی.
راپۆرته‌كه‌ی زانكۆی هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه به‌وه ده‌دات، "درزه‌كانی ئه‌منی" له 20 حاڵه‌تدا بووه‌ته هۆی دزه‌پێكردنی زانیاری له‌سه‌ر پلانی كرده‌ی سه‌ربازی له قۆناغی ئاماده‌كارییه‌كان، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، هه‌ندێ جار میدیای ئه‌مه‌ریكیش له‌و دزه‌پێكردنه به‌رپرسه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له جه‌نگی "كه‌نداوی به‌رازه‌كان" له ساڵی 1961 له كوبا روویدا.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ئۆپه‌راسیۆن و كرده سه‌ربازییه‌كانی له‌مجۆره زۆربه‌ی جاره‌كان له‌پێناو پێكاندنی ئامانجه كورتمه‌وداكانه، هاوكات به‌رگری له پشتگیری ئه‌مه‌ریكا بۆ "جیهادییه‌كان"ـی ئه‌فغانستان ده‌كات، وێڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و موجاهیدانه دواتر چوونه‌ته ریزه‌كانی تاڵیبان و قاعیده، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌فغانستان كه له‌لایه‌ن سۆڤیێته‌وه پشتیوانی ده‌كران زۆر له تاڵیبان و قاعیده مه‌ترسیدارتر بوون.
راپۆرته‌كه بانگه‌شه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، له هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا كه له راپۆرته‌كه‌دا هاتوون، له پشت هه‌ر وڵاتێك كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ده‌كرێته ئامانج، هێزێكی دوژمنكارانه‌ی داگیركا‌ر یانیش رژێمێكی سه‌ركوتكاری بیانی هه‌یه و، هه‌ریه‌ك له رووسیا و چینیش به هه‌وڵه‌كانیان بۆ فراوانخوازی له‌م سه‌رده‌مه‌دا تۆمه‌تبار ده‌كات.
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه ستراتیژییه گشتییه‌كان، ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ هه‌ریه‌ك له رووسیا و چین به سه‌رسه‌ختترین به‌رهه‌ڵستكار و نه‌یاری ئه‌مه‌ریكا له سه‌ر ئاستی جیهان ده‌زانێت.
H.B