بەقایی: ئامادەین بۆ پشتیوانیکردن لە نەخشەڕێگەی ئاشتیی نێوان یەمەن و سعوودیە
بەقایی: گەمارۆی دەریایی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان جەنگە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرەڕای برینەکانی بە سەربەرزی ماوەتەوە و پلانی دوژمنانی بۆ رووخاندنی لە ماوەی دوو هەفتەدا تێکشکاندووە، هاوکات جەختی کردەوە گەمارۆی دەریایی و ئابووری بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک دەستدرێژیی سەربازی هەژمار دەکرێت و تەواوی هەنگاوەکانی تاران لە چوارچێوەی "مافی بەرگری"دایە.
هەینی 11ی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی بڕیارنامەی 3314ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەمارۆدانی دەریایی و شەڕی ئابووریی دژ بە هەر وڵاتێک دەچێتە خانەی دەستدرێژیی سەربازییەوە، بۆیە هەموو ئەو کارانەی ئێران دەیکات بەرگرییە لە خۆی، نەک دەستپێشخەری بۆ جەنگ، بەوپێیەی دوژمن بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرشی کردووە و کەسایەتییە گەورەکان و منداڵانی کوشتووە.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی: هەندێک وڵات بە ئاشکرا دەڵێن خاکی خۆیان نەداوەتە دەست ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵام بە کرداری ئەمە روویداوە؛ هەر بۆیە یەکێک لە داواکارییە هەمیشەییەکانی تاران ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتانە دەبێت لە ئاست قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بەرپرسیار بن، جەختیشی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران هیچ هێرشێکیان بەبێ وەڵامێکی بەهێزتر جێنەهێشتووە و دیپلۆماسی و مەیدانی سەربازی هەمیشە پشتیوانی یەکتر بوون.
بەقایی لەبارەی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەیەوە گوتی: "دەتوانم بڵێم ئێران ئێستا بریندارە بەڵام سەربەرزە، و رەنگە لە مێژووی هاوچەرخی 100 بۆ 200 ساڵی ڕابردوودا بەم شێوەیە خاوەن دەسەڵات و هێز نەبووبێت. ئامانجی دوژمن ئەوە بوو لە ماوەی 3 بۆ 4 رۆژ یان ئەوپەڕەکەی لە دوو هەفتەدا ئێران بەرەو داڕمان بەرێت، بەڵام خەڵکی ئێران لە کاتی مەترسی لەسەر نیشتمان سەرجەم جیاوازییەکانیان وەلانا و وەک یەک دەست لەژێر یەک ئاڵادا راوەستان".
ئەوەشی روونکردەوە کە تاران هیچ هاوپەیمانێکی ستراتیژیی دەرەکیی نییە و پێویستیشی پێی نییە، بەڵکو گەورەترین سەرمایە و هاوپەیمانی تاران خودی گەلی ئێرانە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە باسی لە گرنگیی بەشداریکردنی ئێران لە لووتکەی رێکخراوەکانی شانگهای و برێکس کرد و رایگەیاند کە ئەم دوو رێکخراوە هێمای جددییەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین لە دژی تاکڕەوی و بۆ پاراستنی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ تاران لە ماوەی دوو ساڵی ئەندامێتییدا وەک یەکێک لە دەوڵەتە سەرەکییەکان بەشدار بووە و کار لەسەر ئەوە دەکات لەم قۆناخەی گواستنەوەی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا، لەگەڵ زلهێزەکانی وەک چین، رووسیا و هیندستان زۆرترین سوود لە توانای ئەم هاوپەیمانییە وەربگرێت.
بەقایی ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی یەکلایەنە و نادادپەروەرانە لە ڕووداوەکان دەڕوانرێت و لەبەرچاو ناگیرێت کە خەڵکی یەمەن چەندین ساڵە لەژێر گەمارۆیەکی زۆر سەختدان و لە تەواوی پێداویستییە سەرەتاییەکان بێبەش کراون؛ بۆیە کاتێک یەمەنییەکان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی نەتەوە یەکگرتووەکان و میکانیزمە هەرێمییەکان دۆخەکەیان بۆ باش ناکەن، کاسەی سەبریان لێڕژا و بڕیاریان دا خۆیان بۆ شکاندنی گەمارۆکە هەنگاو بنێن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بوونی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش هیچ شەرعییەتێکی ئەخلاقی، یاسایی و ئیسلامی نادات بەو گەمارۆیە کە ژیانی لەسەر گەلی یەمەن قورس کردووە، و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ یەمەنییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ماف و کەرامەتیان بێت.
بەقائی ئەمریکای بە گەورەترین دەستێوەردەر و تێکدەری هەوڵەکانی ئاشتی ناوبرد و گوتی: "واشنتن گەورەترین بەربەست بووە لەبەردەم هەر چارەسەرێکی ئاشتییانە، ئێستاش بەرپرسانی ئەمریکا بە تۆمەتبارکردنی ئێران ئاراستە و ناونیشانی هەڵە بڵاو دەکەنەوە، چونکە ئامانجیان تێکدانی زیاتری دۆخەکەیە و دەیانەوێت ئەم ئاژاوەیە لە نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا بەردەوام بێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی پشتیوانی لە نەخشەڕێگەی ئاشتی دەکات و ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک بە مەبەستی سەرخستنی گفتوگۆکان و جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگەیەی لە نێوان خودی یەمەنییەکان و لایەنی سعوودیەدا لەسەری ڕێککەوتوون.