مانگی رەمەزان بازاڕی گیا بەهارییەکانی گەرمتر کردووە

"گیا بەهارییەکان سوودی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە"

K24 - سۆران

له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی ره‌مه‌زان و وه‌رزی به‌هار، بازاڕی فرۆشتنی گژوگیا خۆرسكه‌ به‌هارییه‌كان گه‌رمتر بووە و جگه‌ له‌ تام و چێژی خواردنی ئه‌م گیا خۆرسكانه‌، هاووڵاتیان پێیانوایه‌ سوودی زۆری ته‌ندروستیشیان بۆ مرۆڤ هه‌یه‌، پزیشكێكیش پشتراستی سووده‌ ته‌ندروستیه‌كانی گیا به‌هارییه‌كان ده‌كاته‌وه‌.

وادەی ھاتنی مانگی رەمەزان ئەمساڵ ھاوكات بوو لەگە: پێگەیشتنی گیا بەھارییەكان لە ناوچە كوێستانییەكانی كوردستان، ئەمەش وایكردووە كە خەڵكی لە بازاڕەكان زیاتر روو لە گیا بەھارییەكان بكەن.

نەجمەدین عوسمان، یەكێكە لە فرۆشیارانی گیا بەھارییەكان لە بازاڕی سۆران ئەو دەڵێت: "ئێستا گیا بەھارییەكانی وەك گەنگر، كاردی، سلێرك، رێواس، سۆریاز، لوش و چەندی دیكە لە بازاڕ ھەن خواستی زۆری لەسەر، خەڵك كە لە شارەكانی دیكە دێنە سۆران لێرە گیا بەھارییەكان دەكڕن و لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە".

له‌ هه‌ر گۆشه‌یه‌كی بازاڕ له‌م وه‌رزه‌دا گژوگیا به‌هارییه‌كان ده‌ست ده‌كه‌ون و زۆرێك له‌ كڕیارانیش جگه‌ له‌ چێژی خواردنیان وه‌ك ده‌رمانیش لێی ده‌ڕوانن.

لەبارەی سوودی گیا بەھارییەكان سۆران زراری، پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناو و دڵ بە كوردستان24ی گوت: "گیا بەھارییەكان بەھۆی ئەو پێكھاتە ریشاڵەیەی لەخۆیان دەگرن، بێگومانی سوودی بەرچاوی ھەیە، وەك پاككردنەوەی ریخۆڵەكان لە مادە زیانبەخشەكان، ھەروەھا رێگە لە قەبزبوون دەگرێت، ھەروەھا خواردنی ئەو مادانە ھۆكارن بۆ كەمكردنەوەی كێشی مرۆڤ، بەڵام باشترین شت ئەوەیە ئەگەر رووەكێك نەناسی و پێی نامۆبیت تاقی نەكەیتەوە".

ھ.م