وەزیری وزەی ئەمریکا: نرخی بەنزین و دیزڵ زیاتر دادەبەزێت

وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس بیزنس" رایگەیاند، نرخی بەنزین و سووتەمەنی لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتە لووتکە و ئێستا رووی لە دابەزین کردووە و لە مانگەکانی داهاتووشدا نرخەکان هێندەی تر دادەبەزن؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە بەرهەمهێنان و خستنەڕووی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی کەنداو، هیندستان و خودی ئەمریکاوە بەردەوام لە زیادبووندایە.

سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "Big Money in the Morning" لە کەناڵی فۆکس بیزنسی ئەمریکی،کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر دۆخی بازاڕی نەوت و هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان.

کریس رایت سەبارەت بە هاوکێشەی نرخی وزە گوتی: سیستەمی بازاڕی ئازاد بەم شێوەیە کار دەکات؛ کاتێک نرخەکان بەرز دەبنەوە، باشترین چارەسەر بۆ بەرزیی نرخەکان هەر خودی نرخە بەرزەکانن، چونکە بازاڕ هان دەدات خستنەڕوو و بەرهەمهێنان زیاتر بکات. ئێستاش خستنەڕووی نەوت لە زیادبووندایە، بەرهەمی زیاتری پاڵێوراو لە وڵاتانی کەنداوەوە دەگاتە بازاڕەکان، هەروەها بەرهەمی زیاتر لە هیندستان و خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەبینین.

وەزیری وزەی ئەمریکا دڵنیایی دایە بەکارهێنەران و شۆفێران قۆناخە سەختەکەی گرانیی سووتەمەنی تێپەڕیوە و رایگەیاند: نرخی بەنزین و دیزڵ لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی، بەڵام ئێستا روویان لە دابەزین کردووە و لە مانگەکانی داهاتووشدا بە شێوەیەکی بەرچاو و هەستپێکراو بەردەوام دەبن لە دابەزین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کریس رایت سەرنجی خەستە سەر سیاسەتی وزەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەربەخۆیی تەواوەتیی کەرتی وزەی ئەمریکا و هێرشی کردە سەر سیاسەتی ویلایەتی کالیفۆرنیا و گوتی: "لە کاتێکدا لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا بە بڕیاری گێڤن نیوسەم، حاخمی کالیفۆرنیا دوو پاڵاوگەی گەورەی نەوت لەو ویلایەتەدا داخران، ئیدارەی ترەمپ بە خێرایی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان کار دەکات بۆ دووبارە خستنەگەڕی پاڵاوگە داخراوەکان و فراوانکردنی پاڵاوگە کاراکان، تا ئەمریکا بگاتە ئەوپەڕی ئاستی سەربەخۆیی لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنیدا."

لێدوانەکانی وەزیری وزەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەهۆی کەمبوونەوەی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان و زیادبوونی خستنەڕووی نەوت لە لایەن بەرهەمهێنەرە گەورەکانەوە.