حكوومه‌تی هه‌رێم ئامارێكی نوێی رزگاركراوانی ده‌ستی داعشی راگه‌یاند

داوا له ئێزدییەکان نه‌كراوه كە وه‌كو كورد خۆیان بناسێنن

K24 – هه‌ولێر:

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم، دیندار زێباری، رایگه‌یاند، تا 4ی ئاداری 2019، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 3371 کەس لە رفێندراوەکانی دەستی داعش رزگار بکات، کە 1165 ئافرەت، 337 پیاو، 967 منداڵی کچ و893 منداڵی کوڕن.

گوتیشی: "حكوومه‌تی هه‌رێم به‌بێ جیاوازى، هه‌موو ده‌رگاكانی هه‌رێمی واڵا كردووه‌ و تا ئێستا به‌ ده‌یان هه‌زار خێزانی مه‌سیحی، ئێزدی، توركمان و عه‌ره‌ب، له‌ ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان روویان له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمیش به‌پێی توانا، هه‌موو ئاسانكارییه‌كی بۆ ئه‌نجام داون‌ و ئێستاش وه‌كو هه‌موو هاووڵاتییه‌كی دیکەی كوردستان، ژیانی رۆژانه‌ى خۆیان به‌بێ هیچ فشارێك ده‌به‌نه‌سه‌ر".

هه‌روه‌ها گوتی: "دوای داگیرکردنی شنگال، 6284 هاووڵاتیی ئێزدی لەلایەن داعشەوە رفێندران، لەوانە 3467 مێ و 2717 نێر. حكوومەتی هەرێم هەوڵەکانی خۆی چڕ کردەوە بۆ رزگارکردنیان، بۆ ئه‌مه‌ش لیژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئافرەتە ئێزدییە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ئازاد كردنیان، بۆ ئەم مەبەستەش بڕێک پارەی بۆ ئەو كەسانە تەرخان كردووە، كە هەر ئافرەتێك ئازاد دەكه‌ن، یان بە زانیاری، یارمەتی ئازاد كردنیان بده‌ن. دوای گەڕانەوەشیان حكوومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان ودووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگه‌ و دەستپێكردنەوەی ژیانێكی ئاسایی".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم، باسی له‌وه‌ش كرد، له شنگال پاش هاتنی حەشدی شەعبی و هەروەها بوونی پەکەکە و دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لەو ناوچەیە، نزیکەی 800 خێزان گەڕاونەتەوە کەمپەکانی دهۆک.

دیندار زێباری سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی هێزەکانی پێشمەرگە رایگه‌یاند، لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە، هيچ مامەڵەی خراپ لەگەڵ پێكهاته‌ ئایینییەکان نەکراوە. بە هیچ شێوەیەک ماڵ و خانووی کەس نەڕووخێندراوە و تاڵان نەکراوە. هەروەها داوا له ئێزدییەکان نه‌كراوه كە وه‌كو كورد خۆیان بناسێنن، هەروەها هیچ کات ناچار نەکراون بە زۆر پشتگیریی لە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.